رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بڕیارى دادگەکە لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، لە تایبەتمەندییەکانى دادگەکە بووە و تانەى لێنادرێت.
پێنجشەممە، 16-11-2023، جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان بە بڕیارى دادگەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمییەوە پابەندبن، وەک ئەوەى لە مادەى 94 ـى دەستووردا هاتووە.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
جاسم عەمیرى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ میدیاى فەرمى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى هیچ تانەیەکى یاسایى لێنادرێت و دادگەکە تایبەتمەندە بە تاوتوێکردنى ئەو دۆسیانە بەگوێرەى مادەى 93ـى دەستوور.
مادەى 93ـى دەستوور باسی ئەو پرسانە دەکات کە دادگەى باڵاى فیدراڵى تایبمەتمەند کراوە بە تاوتوێکردنیان و مادەى 94یش ئاماژە بەوەدەکات کە دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان بە بڕیارەکانى ئەو دادگەیەوە پابەندبن.
14ـى تشرینى دووەمى 2023، محەممەد حەلبووسی لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەرکەکانی دادگەى باڵاى فیدراڵى بریتین لە چاودێریکردنی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور. گوتیشى، "هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە تانە پێشکێشی دادگەی فیدراڵی بکات بەبێ ئەوەی پێشتر داواکەی پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ