رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە پشووی فەرمی راگەیێندرا.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بڕیاری داوە ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا پشووی فەرمی بێت.
بە گوتەی یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، بڕیارەکە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە دراوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ کارمەندانی خزمەتگوزاریی شارەوانی و ئاوەڕۆ بڕەخسێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو لافاوەی کە کەند و شەقامەکانیان گرتووەتەوە.
هەر بەهۆی بارانبارینەوە و بە ئەستەم گەیشتنی قوتابیان بە قوتابخانەکانیان، عەدنان شەمەری پارێزگاری دیالە بڕیاری دا ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایەدا پشووی فەرمی بێت.
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. لە بەشێک لە شەقامەکانی بەغدا، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین ئاو کۆبووەتەوە و لە دیالە بەهۆی هاتنی ئاوی باران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ