رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، 7 پاسەوانی موهەیمەن حەمدانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقیان دەستگیرکردووە و گەڕان بە مەبەستی دەستگیرکردنی تێوەگلاوانی دیکەی رووداوەکەش بەردەوامە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 16-11-20255 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و پۆلیسی کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی 7 کەسی جێبەجێکرد کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر خێزانێک لە پارێزگاکە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە و تەقەیان کردووە، هەروەها هەوڵی رفاندنی یەکێک لە کوڕەکانیان داوە.
بە گوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، "دەستدرێژییەکە" لەلایەن پاسەوانەکانی پەرلەمانتار موهەیمەن حەمدانییەوە بووە کە "دەستدرێژیکردن"ە سەر ئەفسەرێکی سوپایشی گرتووەتەوە کە هەوڵی داوە دەستوەردان بکات بۆ رێگریکردن لە رووداوەکە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەزگا ئەمنییەکان لە گەڕان و لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ گرتنی سەرجەم تێوەگلاوان لە رووداوەکە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر رووداوەکەی قەزای دووبز، حەوت لە پاسەوانەکانی موهەیمەن حەمدانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەستگیرکراون، بەڵام موهەیمەن خۆی دەستگیرنەکراوە.
رۆژی شەممە، پاسەوانەکانی موهەیمەن حەمدانی هێرشیان کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دەستڕێژی گوللـەیان لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی کرد؛ ئازاری ئەفسەرێکی سوپای عێراقیشیان دا کاتێک هەوڵیدا رێگری لە پەلاماردانی ئەو خێزانە بکات.
دوای رووداوەکە هێزێکی سوپای عێراق چووە دووبز و نووسینگەی تەقەدوومیان داخست کە شوێنی کۆبوونەوە و دیدارەکانی موهەیمەن حەمدانیش بوو.
دوو ئەندامی ماڵباتی پێشمەرگەکە (دایکی و هاوژینەکەی) لەگەڵ ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و جێگری ئەفسەرێک سکاڵایان لەسەر موهەیمەن حەمدانی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ