رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، داواکاریی دامەزراندنی 26 پارتی سیاسی رەتدەکاتەوە و بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش هۆکارەکەی بۆ تەواونەکردنی رێکارە یاساییەکان گەڕاندەوە.
رۆژی سێشەممە، 11-06-2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق تاوتوێی یاداشتێکی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کرد سەبارەت بە رەتکردنەوەی داواکاریی ژمارەیەک پارت و بڕیارەکەی پەسند کرد. یەکێک لەو پارتانەی رەتکراوەتەوە، رەوتێکی کوردیی فەیلییە بەناوی (رەوتی نەورۆزی فەیلی).
ئەحمەد ئەیاد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ 16-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لایەنانە تەنیا داواکاریی دامەزراندنیان پێشکێش کردبوو، بەڵام رێکارەکانی دیکەیان جێبەجێ نەکردبوو، سەرەڕای ئەوەی چەندینجار داوایان لێکرابوو رێکارەکان تەواو بکەن.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی چەندینجار ئەو پارتانە ئاگادارکرانەوە و وەڵامی داواکارییەکەیان نەدایەوە، فەرمانگەکەیان یاداشتی رەتکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەرزکردەوە و ئەنجوومەنەکەش پەسندی کرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئێستا 307 پارتی سیاسیی مۆڵەتپێدراو لە عێراق هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ