رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر دەکات و وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، وڵاتەکە باجی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەدات.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا بە میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "کاتێک ئاڵۆزی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەبێت، عێراق باجەکەی دەدات و جەنگ لە خاکی عێراق روودەدات."
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و گوتی، "پێم وایە عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵشتییەکی زۆری لێدەکرێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سکاڵای پێشکێش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر کە ماڵی بازرگانێکی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی 16 کەسی دیکە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە سکاڵاکەدا گوتوویەتی، بەهۆی هێرشەکەوە "خەڵکی سڤیلی بێتاوان بوونە قوربانی و برینداربوون و زیانیش بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوت."
رۆژی سێشەممە 16-01-2024 خالید یەعقوبی، راوێژکاری ئەمنیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بۆردوومانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بە تووندی رەتدەکەینەوە. ئەم هێرشە پێشێلکارییە بۆسەر سەروەریی عێراق و پێشێلکاریی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشیشە."
بەگوێرەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، ئەو هێرشە مووشەکییە دەبێتە هۆی گۆڕانی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران لە زۆر بواردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ