مەحموود مەشهەدانى: لایەنە سیاسییەکان هۆکارى کۆنەبوونەوەی پەرلەمانن

17-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
   
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئۆباڵى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنەکان دەخاتە ئەستۆى لایەنە سیاسییەکان و دەڵێت: "ئەوە زیان بە بەرژەوەندیى گەلى عێراق دەگەیێنێت".
 
ئەو هەڵوێستەى مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە پێنجشەممە، 16ی کانوونى دووەمى 2025 لەبارەى دواخستنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بڵاویکردەوە، کە بڕیار بوو چوارشەممە بکرێت.
 
سەرۆکى پەرلەمان دەڵێت: "لە سایەى ئەو دۆخەى کە پێویست دەکات لەسەر هەمووان لەوپەڕى بەرپرسیارێتیی نیشتمانى دا بین و کار بکەین بۆ خزمەتکردنى گەلەکەمان، دوێنێ (چوارشەممە) کۆبوونەوەى پەرلەمان دواخرا بەهۆی ئەوەى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون".
 
رۆژی چوارشەممە، 15ى کانوونى دووەم، پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەى خۆى بۆ رۆژى یەکشەممەى داهاتوو دواخست.
 
مەحموود مەشهەدانى دەڵێت، ئەو دواخستنەى کۆبوونەوەى پەرلەمان یەکەمجار نەبووە و پێیوایە، ئەوە ئاڵنگاریى راستەقینەى بەردەم پەرلەمانە بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکى دەستووری و یاساییەکانى. مەشهەدانی گوتی: "ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران نەک کاریگەرى لەسەر کارى یاسایی پەرلەمان دەبێت، بەڵکو کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەرژەوەندیى گەلى عێراقیش دەبێت." 
 
پەرلەمانى عێراق 329 ئەندامی هەیە، بۆ هەر کۆبوونەوەیەک پێویستە نیوە کۆ یەکى ئەندامان ئامادەبن، کە دەکاتە 166 ئەندام.
 
سەرۆکى پەرلەمان ئۆباڵى تەواونەبوونی رێژەى یاسایی بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان و داواشى لە هەموو پەرلەمانتاران کرد پابەند بن بە ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان.
 
پشووى پەرلەمانى عێراق لە 9ى کانوونى دووەمى 2025 کۆتایی هات، تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەى کردووە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئامادەنەبوونى ئەندامانى پەرلەمان و تەواونەبوونى رێژەى یاسایی ئامادەبوون، بەهۆى هەڵوێست و بڕیارى هەندێک لایەنی سیاسییە بەرامبەر بە چەند پڕۆژە یاسایەک." 
 
سەباح حەبیب گوتى: "ئەوەى ئەو کێشەیەى دروستکردووە لایەنە عەرەبییەکانن، ئەندامانى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمان ئامادە دەبن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە