رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆدەبێتەوە.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین رۆژی یەکشەممە 17ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆببێتەوە.
14ى ئادارى 2024 ئەحمەد جبوورى، ئەمیندارى گشتیى پارتى جەماوەرى نیشتمانیی سوننەکان بە فەرمى بەربژێرکردنى بەدر مەحموود فەحلى بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین راگەیاند.
بەدر مەحموود فەحل، ئەندامى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراقە و لە خوولى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە پشکى سەلاحەدین پەرلەمانتار بوو.
هەمان رۆژ یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لە فراکسیۆنى جەماوەرى نیشتمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەربژێرى فەرمیی لیستى جەماوەری نیشتمانی بریتییە لە مەحموود فەحل و زۆرینەى فراکسیۆنەکانیش پاڵپشتی دەکەن."
یاسین داوودى گوتى، "ئیسماعیل هەلوب، بەربژێرێکى دیکەى ئەو پۆستەیە کە سەرقاڵى کۆکردنەوەى دەنگە بۆئەوەى لەنێو ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگ بەدەستبهێنێت."
ئیسماعیل هەلوب، هاووڵاتییەکی سوننەیە، پارێزگارى پێشووى سەلاحەدین بووە و ئەندامى لیستى جەماوەرى نیشتمانییە و لە هەڵبژاردنى 18ى کانوونى یەکەمى 2032 زۆرترین دەنگى لەسەر ئاستى پارێزگاکە بەدەستهێنا کە زیاتر لە 18 هەزار دەنگ بوو.
رۆژی 12ى ئادارى 2024، عادل عەبدولسەلام، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە فەرمى دەرگاى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى پارێزگارى پارێزگاکە کردەوە کە تاوەکو 14ى ئادار بەردەوام بوو.
رۆژی 4ی شوباتی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری، وەکو تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بە پاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ