رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى ناوخۆى عێراق بڕیاریدا ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە تابلۆى هەرێمى کوردستانیان هەیە و لە شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق سەرپێچى دەکەن، سزاکانیان رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ ئەوەى پێبژاردنەکانیان لێ وەربگیرێت.
17ى ئادارى 2024، عەمید زیاد قەیسی، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى هاتووچۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارێکى نوێ دەرکراوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەى تابلۆى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیان هەیە، ئەگەر لە شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق سەرپێچى بکەن، لە هەرێمى کوردستان سزاى پێبژاردنەکانیان لێ وەردەگیرێت."
عەمید زیاد قەیسی گوتیشى: "تۆمارى وێنەى سەرپێچى ئەو ئۆتۆمبێلانە رەوانەى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆى هەرێمى کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەى پێبژاردنى سزاکانیان لێ وەربگیرێت و ئەو هەنگاوەش لە رێگەى هاوئاهەنگى دەبێت لە نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسى هاتووچۆى عێراق و هەرێمى کوردستان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ى ئادار، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لەگەڵ بەرپرسانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هاتووچۆى عێراق کۆبووەوە و فەرمانیدا بەوەى سزاى پێپژاردنى ئۆتۆمبێلەکانى هەڵگرى تابلۆى هەرێمى کوردستان رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پۆلیسى هاتووچۆى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ ئەوەى پێبژاردنەکانیان لێ وەربگیرێت.
بە گوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی هاتووچۆى هەرێمى کوردستان، نزیکەى دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلى هەڵگرى تابلۆى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ