رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 30ى تەممووز دیاری دەکات وەک دوا وادە بۆ خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار وەک هاوکارى دارایی بۆ ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان. بەرپرسێکى ئەو وەزارەتە دەڵێت، "لەدواى ئەو رۆژە هاوکارییەکان بۆ ئەو کەمپانە رادەگیرێن."
17ى ئادارى 2024، عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار بۆ ئەو ئاوارانەى نێو کەمپەکانى هەرێمى کوردستان کە دەگەڕێنەوە، تاوەکو 30ى تەممووز بەردەوام دەبێت و لەوە بە دواوە ئەو هاوکارییە رادەگیرێت."
عەلى جیهانگیر گوتى: "لەدواى ئەو وادەیە جگە راگرتنى خەرجکردنى ئەو چوار ملیۆن دینارە، هەموو هاوکارییەکى دیکەى وەزارەتەکەمان بۆ کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان رادەگیرێت."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 24 کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەن.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندا دەژین.
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند: پێشتر تیمەکانیان لە کەمپى ئاوارەکان سەرژمێرى خێزانەکانیان کردووە و سێ ئەگەریان خستووەتە بەردەمیان، یان بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان، یان لەو شارەى ئێستا تێیدا دەژین جێگیربن، یانیش بچنە پارێزگاى سێیەم جگە لە زێدى خۆیان یان هەرێمى کوردستان.
نزیکەى 70 هەزار خێزانى ئاوارە لە هەرێمى کوردستان هەن کە لە دەرەوەى کەمپەکانن و ئەو هاوکارییە (چوار ملیۆن دینارەکە) نایانگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان پڕبکرێتەوە و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 17ی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر ئەوەی لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ