رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە گازینۆیەکى قومارى رۆلێت لە دیالە دەدۆزێتەوە و خاوەنى گازینۆکە و ژمارەیەک لەو کەسانە دەستگیردەکات کە بە نهێنى یارییەکەیان کردووە. گوتەبێژى پۆلیسی شارەکە دەڵێت: "یەکەمجارە گازینۆیەکى لەو جۆرە لە دیالە ئاشکرا بێت و لە شوێنێکى لاچەپ بووە".
17ى ئادارى 2024، عەقید هەیسەم شمەرى، گوتەبێژى پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر گازینۆیەکى قومارى رۆلێت دا گرتووە کە یەکەمجارە لەو شارە هەبووبێت."
عەقید هەیسەم شمەرى گوتى: "گازینۆکە لە شوێنێکى لاچەپی شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە بووە و 10 کەس لە خاوەن و ئەو کەسانە دەستگیرکراون کە سەردانیان کردووە و رەوانەى دادگە کراوان بۆ ئەوەى سزاى یاسایی وەربگرن."
بەگوێرەى مادەى 389ى یاساى سزادانى عێراق، سزاى کردنەوەى قومارخانە دەگاتە ساڵێک بەندکردن و سزاى ئەو کەسەش کە سەردانیکردووە بۆ ئەوەى قومار بکات دەگاتە مانگێک بەندکردن.
رولێت یارییەکى تایبەت بە قومارکردنە و سەرەتا لە فەرەنسا دروستکراوە و لە قومارخانەکانی جیهان بەکاردەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ