رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق هەمواری سێ پڕۆژەیاسا تاوتوێ دەکات. پەرلەمانتارێک دەڵێت، یاسایەک دەزگەی هەموار دەکرێتەوە کە زیندانییانی سیاسی دووجار لە وەرگرتنی زەوی سوومەند دەکات.
پەرلەمانی عێراق کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 کۆدەبێتەوە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پڕۆژە دەکات، "هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەشێکی جەستەیان بەهۆی مامەڵەیەکی دەسەڵاتی بەعس لەدەستداوە و گەڕاندنەوەی زەوی و زاری ئەوانەی کە بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حکومەتی بەعس لە دەستیان داوە".
هەمواری دووەمی یاسای ژمارە 4ی 2006ی دەزگای زیندانییانی سیاسی لە بڕگەی سێیەمی بەرنامەی کارە. چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "هەر کەسێک فەرمانبەر بێت و بەناوی زیندانی زەوی وەرگرتبێت، هەموارەکە رێگەی پێدەدات جارێکی دیکە زەوی وەربگرێت."
بەگوێرەی ئەو یاسایە، "ئەگەر کەسێک بەناوی زیندانی سیاسی زەویی نیشتەجێبوونی وەرگرتبێت، ناتوانێت جارێکی دیکە سوومەند بێت."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساکە دەکرێت، لەکاتی خوێندنەوەی دووەم، پێنشیازەکانی خۆیان پێشکێش دەکەن و داوا دەکەن هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ