رووداو دیجیتاڵ
سوننەکان بڕیاریاندا ئەگەر پارێزگاری دیالە لەوان نەبێت، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ناکەن.
لایەنە سەرەکییەکانی سوننە (پارتی تەقەدووم، هاوپەیمانی عەزم و سەروەری)، شەوی رابردوو لە بەغدا لەبارەی دۆخی پارێزگای دیالە کۆبوونەوە. رۆژی چوارشەممە (17ـی نیسانی 2024) فارس موزاحیم جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە هاوپەیمانی سەروەری، بە رووداوی گوت " لە کۆبوونەوەکەد باسی هەراسانکردن و هەڕەشەکانی سەر نوێنەرانی سوننە کرا."
جبووری دەڵێ: رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) ژمارەیەک چەکدار، چوونە سەر ماڵی عومەر کروی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، "تاوەکو ناچاربکرێت لەبەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بکات."
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، شیعە حەوت، سوننە حەوت و یەکێتی یەک کورسیی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، پۆستی پارێزگار بە مافی سوننە دەزانێت و باسی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە دەکات "بەربژێرکردنی سوننەیەکی پاک و لێهاتوو بۆ پۆستی پارێزگار." ئەگەر پۆستەکە بۆ ئەوان نەبێت، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە ناکەن. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەرسێ لایەنەکەش، پێداگیری لەسەر کراوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و هەڵبژاردنی پارێزگار، پێویستی بە نۆ دەنگە، شیعەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگار ناکۆکن.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، یەک ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە، داوای ئەو پۆستە دەکات و موئەید عوبێدی بەربژێرکردووە. رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بە سێ ئەندام داوای دەکاتەوە، ئەوەش دۆخەکەی بە بنبەست گەیاندووە. جبووری دەڵێت "سێ مانگە چاوەڕێی لایەنی بەرامبەر دەکەین رێکنەکەوتوون، ئیتر بەسە، دەبێت پارێزگار لە سوننە بێت."
تورکی جەدعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت "ئەستەمە سوننەکان ئەو پۆستە وەربگرن. ئەو کارە زیاتر بۆ ئاگادارکردنەوە و گوشارە بۆ ئەوەیە پەلە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی بکرێت."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ