رووداو دیجیتاڵ
پیسبوونى ئاوى بەسرە، کەمبوونەوەى بڕەکەی و زیادبوونى رێژەى سوێرییەکەى، چالاکڤان و هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەى بۆ خۆپێشاندانێک جوڵاندووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. بە گوتەى نووسینگەى مافى مرۆڤى بەسرە، 80 ساڵە دۆخى وەها رووی نەداوە.
جووڵانەوەى هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەکانى قەزاى ئەبو خەسیب لە پارێزگاى بەسرە پلانی داناوە 25ـی حوزەیرانى 2025 لەبەردەم ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە گردبوونەوە بکەن، 30 داواکارى پێشکێش دەکەن کە زۆرینەى پەیوەندیدارە بە داواکاریى چارەسەرى کەمئاوى و پیسبوونى لەو قەزایە.
مەهدى تەمیمى، بەرپرسی نووسینگەى مافى مرۆڤ لە پارێزگاى بەسرە بە رووداوى گوت، "لەساڵى 1945ـەوە دۆخى وەها بەسەر بەسرەدا نەهاتووە؛ ئاوى شارەکە بەهۆى پاشەڕۆوە پیس بووە، رێژەى سوێرى ئاوەکەى بووە بە 12 هەزار تى دى سى، بە کەڵکى خواردنەوە نایەت".
ئەو کێشەیە تەنیا لە ئەبو خەسیب نییە، ئاوى زۆربەى سنوورى پارێزگاکە پیس بووە و کێشەى کەمئاوییان هەیە کە رێژەى سوێریەکەى بەرزکردووەتەوە.
12ى حوزەیران 48 مانگا و گامێش لە قەزاى سادق لە بەسرە مرداربوونەوە.
حەمید مەنسوورى، دانیشتووى قەزاى سادق بە رووداوى گوت، "هۆکاری ئەو مرداربوونەوەیە پیسبوونى ئاوى رووبار و بەرزبوونەوەى رێژەی سوێرییەکەیەتى کە بەهۆى دابەزینى ئاستى ئاوى رووبارەکەوە دروست بووە."
کەمئاوى یەکێکە لە دەرکەوتەکانى گۆڕانى گەشوهەوا لە عێراق، لە ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق کاریگەرى لەسەر ئاژەڵى گەورە و بچووک دروست دەکات.
بەرپرسی نووسینگەى مافى مرۆڤ لە پارێزگاى بەسرە رایگەیاند، کۆمپانیاکانى نەوت بۆ پرۆژەکانیان 14 مەتر سێجار ئاو لە چرکەیەکدا بەکاردەهێنن و ئەوە هۆکارێکى کەمئاوییە، دوامان کردووە بەهۆى ئەو دۆخەوە بەسرە لە ناوچەیەکى کارەساتبار بناسێندرێت".
کەمبوونەوەى ئاو، بەرزبوونەوەى رێژەى سوێرى ئاوەکەى لێدەکەوێتەوە، زۆنگاوەکان بەشێوەیەى سەرەکى پشتیان بە ئاوى رووبارى فورات بەستووە کە ئەم ساڵ کەمتر لە 40%ـی پشکەکەى پێ گەیشتووە.
زیا ئەسەدى، بەڕێوەبەرى رێکخراوى سرووشتیی عێراق بە رووداوى راگەیاند، "زۆنگاوەکان زەرەرمەندی یەکەمى گۆڕانى کەشوهەوا و کەمبوونەوەى ئاون. ساڵى 2019 ئاستى ئاوى زۆنگاوەکان یەک مەتر و 94 سانتیمەتر بوو، ئێستا کەمتر لە 70 سانتیمەترە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ