رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای بەسرە رەتیدەکاتەوە مووشەکی ئێرانی لە بەسرە بەسەر ماڵێکدا کەوتبێتە خوارەوە و لەوبارەوە روونکردنەوە دەدات.
عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ مووشەکێکی ئێرانی لە بەسرە نەکەوتووەتە خوارەوە، ئەوەی لەوبارەوە باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە".
ئەو لێدوانەی پۆلیسی بەسرە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە، شوێنێک ئاگر و دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە، باس لەوە دەکەن، ئەمە مووشەکێکی ئێرانییە کەوتووەتە سەر ئەو ماڵە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئاگرەی باس دەکرێت، لە کارگەیەکی پسکیت بووە، بەهۆی شۆرتی کارەبا مۆلیدەکەی ئاگری گرتووە و کۆگاکانی سووتەمەنی سووتاوە. رووداوەکەش قوربانی لێ نەکەوتووەتەوە.
هەر لەوبارەوە، خالید سەلامە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە تەندروستیی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارگەیەکی پسکیت ئاگری گرتووە نەک کەوتوونە خوارەوە مووشەک، هیچ بریندار و قوربانییەکیش نەگەیشتووەتە نەخۆشخانە.
پارێزگای بەسرە، دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری عێراق، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار کەسە. هاوسنوورە لەگەڵ ئێران لە رۆژهەڵات، کوێت و سعودیە لە باشوور، پارێزگاکانی زیقار و میسان لە باکوور و پارێزگای موسەننا لە رۆژئاوا.تاکە دەروازی ئاوی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ