سادیقون: حکومەت بە خێرایی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت

17-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی سادیقون جەخت لە پشتگیریی تەواوی هەنگاوەکانی حکومەت دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی. داوا دەکەن گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی خێرا بکرێت بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی.
 
فراکسیۆنی سادیقون سەر بە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی.
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025، حەبیب حەلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان پێزانینی هەیە بۆ هەوڵەکانی حکومەت و بە تەواوی پشتگیری لە بەهێزکردنی سەروەریی عێراق دەکەن. داوا دەکەن حکومەت بەخێرایی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت، بۆ پاراستنی ئاسمان و بەهێزکردنی توانای بەرگریی وڵات.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی فراکسیۆنەکەیان کردەوە و داوایان کرد حکومەت هان بدرێت و پشتگیری بکرێت لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە دەستووری و نیشتمانییەکان، بەتایبەتی بەدواداچوون بۆ رێککەوتنەکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی لە عێراق.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی ئێران و تارانیش بە مووشەک وەڵامی دایەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە