وەزیرێکى حکومەتی عێراق نووسینگەکەى خۆى بە درۆ دەخاتەوە

17-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى گواستنەوەى عێراق راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی وەزارەتەکەى بە درۆ دەخاتەوە کە تێیدا باسی لە بەزاندنى سنوورى ئاویی نێوان عێراق و کوێت کردبوو و دەڵێت، "نووسینگەى رۆژنامەڤانیى وەزارەت نابەرپرسانە مامەڵەى کردووە".
 
رەزاق محێبس سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا لێدوانێکى رەتکردەوە کە لە راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى وەزارەتدا بەناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە؛ راگەیێندراوەکەی وەزارەت تایبەت بووە بە ئاگادارکردنەوەی وەزارەتى دەرەوە لە "بەزاندنى سنوورى ئاویی عێراق لە لایەن کوێتەوە لە بەندەرى خۆر زوبێر".
 
دواى ماوەیەک لە بڵاوکردنەوەى ئەو راگەیێندراوەى نووسینگەى رۆژنامەڤانییەکەی، وەزارەتى گواستنەوە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى وەزارەتەکە و میدیاى فەرمى عێراق راگەیێندراوەکەی سڕییەوە.
 
لەو راگەیێندراوەى نووسینگەکەدا کوێت تۆمەتبار کرابوو بە بەزاندنى سنوورى ئاویى خۆر زوبێر لە کەنداو کە سەر بە پارێزگاى بەسرەیە و هاوسنوورى کوێتە و ئاماژەى بەوە دابوو کە کوێت سنووری ئاوى عێراقى بەرتەسک کراوەتەوە.
 
هەر لە راگەییێندراوەکەدا هاتبوو، وەزارەتى دەرەوەی عێراق لە رێگەی نووسراوەوە تانەی لە بڕیارێکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ساڵى 1993 تایبەت بە دیاریکردنى سنوورى نێوان عێراق و کوێت داوە و رایگەیاندووە، پابەند نین بە بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی ئەو کاتی عێراق لەبارەى دیاریکردنى سنوورەوە.
 
وەزیرى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى وەزارەتەکەی بەشێوەیەکى نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ نووسراو و نامە فەرمییە نێوخۆییەکانى وەزارەتەکەى کردووە و رایگەیاندووە، "قسەم لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە". 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە