ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەقى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا بڵاودەکاتەوە

17-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق وردەکاریی بڕیارەکانى کۆبوونەوەى نائاسایی خۆى بڵاوکردەوە کە بەشێکى تایبەت بوو بە رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى پرسى نەوت و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
 
کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ى تەممووز کرا، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران ناوەڕۆکى بڕیارەکانى لە راگەیێنراوێکدا بڵاوکردەوە.
   
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لەسەر بنەمای راسپاردەى لیژنەی وەزاریی عێراق کە لە 8ی تەممووز پێکهێنرا، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 16ی تەممووز، ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەى ئەو رێککەوتنە داوە. 
 
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەقى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداى بڵاوکردەوە کە لە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاری لەبارەوە دراوە.
 
دەقى رێککەوتنەکە بەگوێرەى نووسینگەى رۆژناڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق:  
 
بە پشتبەستن بەەو پێدراوانەی لە لایەن ئەو لێژنە وەزارییەی بە ڕێنمایی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ژمارە ٢٧ی ئاسایی ڕۆژی (٨ی تەممووز ٢٠٢٥)ی ئەنجومەنی وەزیران پێک هێنراوە، لەگەڵ ڕاسپاردەکانی لیژنەکە سەبارەت بەوەی لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ٢٨٥ لە (١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥)دا هاتووە.
 
ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دا:
 
یەکەم: دۆسیەی رادەستکردنی نەوت
 
١- حکوومەتی هەرێم دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕیکیرنی نەوت (سومۆ) بۆ هەناردە کردنی و، وەزارەتی داراییی فیدراڵی، بەپێی یاسای هەموارکردنی یاسای بودجە، بە پێدانی پێشینەیەک بە حکوومەتی هەرێم بە بڕی ١٦ دۆلار (بە شێوەی عەینی یان بە پارە) بۆ هەر بەرمیلێکی وەرگیراو، پابەند دەبێت. بەو مەرجەی لە ئێستادا بڕی وەرگیراو لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نەبێت و، هەموو زیادبوونێکی بەرهەمهێنان دەخرێتە سەر ئەو بڕە، ئەمەش لە ڕێگەی لێژنەی پێوان و پێهەڵسەنگاندنی هاوبەشەوە ئەنجام دەدرێت. لە کاتی وەستانی هەناردەکردنیش، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، تەواوی ئەو بڕەی باس کراوە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت.

 

(ڕوونکردنەوە: بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەرێم، ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا ٢٨٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ڕۆژانەش ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم تەرخان دەکرێت. ئەوەی دەمێنێت، واتە ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ هەر زیادبوونێکی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا، بە مەبەستی هەناردەکردنی ڕادەستی سومۆ دەکرێت).
 
٢- ڕۆژانە بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت، بەو مەرجەی حکوومەتی هەرێم تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕە لە ئەستۆ بگرێت و، داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دوای دەرهێنانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵی بگەڕێتەوە. هەر کاتێکیش هەرێم پێویستی پێی بێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێگای ئۆسووڵی بڕێک لە بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێم دابین دەکات بەو مەرجەی لە بەرهەمی پاڵاوتنی ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا زیاتر نەبێت. لێژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێویستیی ڕاستەقینەی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دەخەمڵێنن بە مەبەستی تەرخانکردنیان، بە مەرجێک لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرز بکەاتەوە بۆ بڕیاردان لە سەری.
 
دووەم: دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان
 
١- وەک پشکی مەزەندەکراوی سەرەتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکان بۆ مانگی ئایار، حکوومەتی هەرێم بڕی (١٢٠) ملیار دینار وەک بەشی یەکەمی پارەدان ڕادەستی وەزارەتی داراییی فیدراڵی دەکات. بەو مەرجەی کە دوای تەواوکردنی وردبینی بەپێی بڕگەی (٢)ی خوارەوە ئەو پارەیە ساغ بکرێتەوە.
 
٢- تیمێکی کار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دێت، بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینی و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهاکانی تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەکانی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای بەرکاری بودجەی گشتی فیدراڵەوە پێشکەش کراون. پێویستە ئەم تیمە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەسەری.
 
سێیەم: لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی خۆجێکردنی مووچە لە هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێک دەهێنرێت، بە مەرجێک ئەرکەکەی خۆی لە ماوەیەکدا تەواو بکات کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت و، لە کۆتایی ئەم ماوە باسکراوەدا تەنیا مووچە خۆجێیکراوەکان پارەدار دەکرێن.
 
چوارەم: تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دەهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە خەرجییەی کە زیاترە لە پشکی هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە و، چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو زێدەڕۆییە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥)، پێویستە لە ماوەیەکدا کە لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت، ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرز بکاتەوە.
 
پێنجەم: وەک دەستپێکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، وەزارەتی دارایی دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ کۆمپانیای سومۆ وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی باسکراو لە بڕگەی یەکەم / ١ (٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئێستادا) لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا پشتڕاست دەکاتەوە، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.
 
شەشەم: ئەو وادانەی لەم بڕیارەدا ئاماژەیان بۆ کراوە لە ڕۆژی پەسەندکردنی ئەم بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزیراندا، دەست پێ دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەی لایەنەکانی سوننە

سوننەکان لەسەر هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکنەکەوتوون

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کە پارت و هاوپەیمانێتییە سەرەکییەکانی سوننە لەخۆدەگرێ، هێشتا نەگەیشتووەتە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و تەنانەت ئەگەری هەیە بە دوو بەربژێرەوە بچنە دانیشتنی پەرلەمان.