ئەمریکا کاری باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکەی لە بەغدا و هەولێر ئاسایی دەکاتەوە

17-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر دەگەڕێنەوە سەر باری ئاسایی کارکردن و هەموو ئەو کارمەندانەیان کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی جەنگی دوازدە رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کارەکانیان جێهشتبوون، دەگەڕێنەوە سەر کار. 
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە کۆتایی بە بارە نایاساییەکە بێنێت. 
 
برووس بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو کارمەندانەی بە شێوەیەکی کاتی گوێزراونەتەوە دەرەوەی عێراق، دەست بە گەڕانەوەی قۆناخ بە قۆناخ دەکەن بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر."
 
دوای ئەوەی کە ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانەوە دەستی بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد، ئەمریکاش لە 22ی هەمان مانگ، هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران. تاران هەڕەشەی کردبوو کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە دەکاتە ئامانج. 
 
ئەمریکا بەشێک لە کارمەندەکانی چەند رۆژێک پێش هێرشەکانی ئیسرائیل و بەشێکی دیکەشی دوای هێرشەکان بۆ سەر ئێران، کشاندبوونەوە. 
 
وێڕای ئەو رێکارانە، کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بە کراوەیی مانەوە. 
 
وێڕای ئاساییبوونەوەی کاری دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "رێنمایی وەزارەتی دەرەوە بۆ گەشتکردن بۆ عێراق لە ئاستی ژمارە چواردا دەمێنێتەوە، کە بە واتەی ئەوە دێت نابێت گەشت بکەن" بۆ ئەو وڵاتە. 
 
برووس هەروەها گوتی: "ئێمە پێداگرنە پابەندین بە پێشخستنی کارە لەپێشینەکانی سیاسەتەکەمان لە عێراق، بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و خەڵکی عێراق. وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەردەوام دەبن لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی لەنزیکەوەی دۆخی ئەمنی سەرانسەری عێراق و ناوچەکە."
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس، لە نێویاندا دەیان سەرکردەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی. هەروەها بەشیکی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتکە تووشی کاوڵکاری بوون. 
 
ئێران لە بەرامبەردا بە سەتان مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. وێڕای ئەوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل زۆربەیانی بەرپەرچدایەوە، نزیکەی 30 کەس لە ئیسرائیل کوژران. 
 
هەروەها ئێران لە 23ی حوزەیران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر کە هێزەکانی ئەمریکای لێ دەمێننەوە. ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی ئەوتۆی نەبووە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا