رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق پێویستی بە نزیکەی 88 هەزار مامۆستایە لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو دەگاتە قۆناخی ئامادەیی، بەڵام کەموکورتی لە ژمارەی مامۆستایانی خوێندنی پیشەییدا نییە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 17-08-2023 بە رووداوی رایگەیاند، "کەموکورتییەکی زۆر لە ژمارەی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلادانان، وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێویستی بە 87 هەزار و 743 مامۆستایە."
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق روونیکردەوە، پێویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە بەم شێوەن: 3 هەزار و 199 مامۆستا بۆ باخچەی مندڵان، 66 هەزار و 353 مامۆستا بۆ قوتابخانەی سەرەتایی، هەروەها 18 هەزار و 191 مامۆستاش بۆ قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی، 'بەڵام بۆ خوێندنی پیشەیی کێشەیان نییە.'
عەباس کازم سوودانی، نەقینی مامۆستایانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، ژمارەی مامۆستایان لە عێراق گەیشتووەتە ملیۆنێک مامۆستا.
نەقینی مامۆستایانی عێراق گوتی، ئەمساڵ لە عێراق بە باخچەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی، ئامادەیی و ئامادەییە پیشەییەکان، نزیکەی 13 ملیۆن قوتابی هەن.
سەبارەت بە قوتابخانەکانیش، عەباس کازم سوودانی باسی لەوە کرد، ئێستا هەشت هەزار قوتابخانە، دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ