بۆ ناسینەوەی رووفاتی 20 هەزار قوربانی دەستی داعش، گۆڕی بەکۆمەڵی خەفسە لە موسڵ هەڵدەدرێتەوە

17-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕی بەکۆمەڵی (خەفسە) لە باشووری موسڵ هەڵدەدرێتەوە. ئەم هەنگاوە سەرەتای قۆناخێکە بۆ ناسینەوەی رووفاتی هەزاران کەس کە لە ساڵی 2014 بۆ 2017 لەلایەن داعشەوە کوژران.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە 17-08-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ژمارەی شەهیدان لەم گۆڕەدا بە نزیکەی 20 هەزار کەس مەزەندە دەکرێ کە لە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانن"، لەنێویاندا زیاتر لە 2000 هاووڵاتی تەنیا لە یەک رۆژدا کوژران "کە 600 کەسیان خەڵکی ناوچەی وادی حەجەر بوون."
 
گۆڕی (خەفسە) چاڵێکی سرووشتیی قووڵە و دەکەوێتە سەر رێگەی موسڵ-بەغدا، بە دووریی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شار. 
 
رێکخراوی داعش لە نزیک چاڵەکە خەڵکی بەکۆمەڵ دەکوشت و تەرمی کوژراوانی فڕێ دەدایە نێوی. دواتر رێکخراوەکە هەوڵی دا شوێنەوارەکەی بسڕێتەوە.
 
بڕیاری هەڵدانەوەی گۆڕەکە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان دێ کە رۆژی 8ی ئایاری رابردوو لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی دامەزراوەی شەهیدان، فەرمانگەی پزیشکیی دادی، لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووان، خاچی سوور و زانکۆی موسڵ بەشدار بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی سرووشتی جیۆلۆجیی ئاڵۆزی گۆڕەکە و پلانی کارکردن خرایەڕوو کە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و بەکارهێنانی DNA بۆ بەراوردکردنی پشکنینەکان لەگەڵ سامپڵی کەسوکاری ونبووانی لەخۆدەگرت.
 
بەگوێرەی خەمڵاندنی سەرەتایی، هەڵدانەوەی گۆڕەکە و وەرگرتنی زانیاری تەواو لەبارەی رووفاتەکان چەندین ساڵ دەخایەنێ؛ پڕۆسەکە پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە کە دەکرێ بگاتە 40 ملیار دیناری عێراقی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە