رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سەدان بەربژێر بەهۆی چەندین پێشێلکاریی یاسایی و کارگێڕییەوە دووردەخرێنەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، رۆژی یەکشەممە، 17-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیستێک کە ناوی 404 بەربژێری تێدایە، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە، رەوانەی دەستەی ناوبراو کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.
عیماد جەمیل گوتیشی: "دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پێشتر داوای دوورخستنەوەی 200 بەربژێری کردبوو، ئێستاش ئەو 404 بەربژێرە نوێیەیان بۆ نێردراوە."
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی ئەو بەربژێرانەوە بدات.
جگە لە کێشەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، چەندین بەربژێری دیکەش بە هۆکاری جیاواز رووبەڕووی رێکاری یاسایی بوونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیستێکی ناوی 88 بەربژێری رادەستی کۆمیسیۆن کردووە بەهۆی بوونی پێشینەی تاوانکارییانەوە، کە ئێستا تاوتوێی تانەکانیان دەکرێت.
هەروەها چوار بەربژێر بەهۆی بەکارهێنانی بڕوانامەی ساختەوە دوورخراونەتەوە، دوای ئەوەی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە ساختەبوونی بڕوانامەکانیان پشتڕاستکردەوە.
چوار بەربژێری دیکەش بە پاساوی رەشت لە پرۆسەکە دوورخراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، 98 بەربژێری دیکە بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی بەربژێربوونەوە دوورخراونەتەوە یان گۆڕاون. هۆکارەکانیش بریتی بوون لە کەمیی بەڵگەنامە داواکراوەکان، پابەندنەبوون بە رێژەی 20%ی هەڵگرانی بڕوانامە لە لیستەکانیاندا و پابەندنەبوون بە رێژەی 25%ی بەربژێری ئافرەت لە لیستەکانیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ