رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ئاماری فەرمیی پەیوەندییەکان و بەکارهێنانی ئینتەرنێتی لە ماوەی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، زیارەتکاران زیاتر لە 277 ملیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنییان کردووە و ئەپلیکەیشنی تیکتۆکیش لە پلەی یەکەمی بەکارهێناندا بووە.
د. نەوفەل ئەبو رغیف، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، ئامارەکان ماوەی نێوان 1 بۆ 20ـی مانگی سەفەری ئەم ساڵ (1447ی کۆچی) (26ـی مانگی تەممووز تاوەکو 14ـی ئاب) دەگرێتەوە کە تێیدا قەبارەیەکی گەورەی پەیوەندی و داتا لەنێوان زیارەتکاراندا ئاڵوگۆڕ کراوە.
پەیوەندی و کورتەنامەکان
بەگوێرەی داتاکان، کۆی گشتیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەو ماوەیەدا گەیشتوونەتە زیاتر لە 277 ملیۆن پەیوەندی، 272 ملیۆنیان پەیوەندیی ناوخۆیی و 4.4 ملیۆنیشیان پەیوەندیی نێودەوڵەتی بوون.
هەروەها کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق، ناردنی زیاتر لە 47 ملیۆن کورتەنامە (SMS)ـیان تۆمار کردووە، 38.5 ملیۆنیان نامەی ناوخۆیی و 8.6 ملیۆنیان نامەی نێودەوڵەتی بوون.
تیکتۆک یەکەمە
سەبارەت بە بەکارهێنانی داتا و ئینتەرنێت، قەبارەی گشتیی بەکارهێنان لە رۆژانی زیارەتەکەدا گەیشتووەتە 17,977 تێرابایت. ئەپڵیکەیشن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەمشێوەیە داتایان بەکارهێناوە:
تیکتۆک: 3,812 تێرابایت
فەیسبووک: 2,463 تێرابایت
یوتیوب: 1,628 تێرابایت
واتسئاپ: 867 تێرابایت
تێلیگرام: 337 تێرابایت
ئینستاگرام: 220 تێرابایت
کەڕاڕ عەبد حەمزە مەواش، بەڕێوەبەری شارەوانیی نەجەف بڵاویکردەوە، لە 15 رۆژدا زیاتر لە 50 هەزار تۆن خاشاکی زیارەتکارانیان کۆکردووەتەوە. زیاتر لە 17 هەزار زیارەتکاریش سەردانی شارەکەیان کردووە.
بەگوێرەى ئاماری فەرمیی مەزارگەی عەباسییەی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق، ئەم ساڵ ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ چلەى ئیمام حوسێن چوونە کەربەلا، 21 ملیۆن و 103 هەزار و 524 کەس بوو، لەکاتێکدا پار 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 کەس بوون، بەم شێوەیە ئەم ساڵ بەراورد بە پار، زیاتر لە 377 هەزار زیارەتکار کەمی کردووە.
ناوەندی 'نەجەفی پیرۆز' بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (NCSS) ئەنجامی دوو توێژینەوەی مەیدانیی بڵاوکردەوە و ئاستی بەکاربردنی ئاوی خواردنەوە و ژەمەخۆراکەکانی لە ماوەی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن بڵاوکردەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەی یەکەمدا دەرکەوتووە ژمارەی پەرداخی ئاوی خواردنەوەی دابەشکراو لە ماوەی زیارەتەکەدا، گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ. ئەمەش بە پشتبەستن بە پێداویستیی رۆژانەی هەر زیارەتکارێک، کە 45 پەرداخە و بە تێکڕای مانەوەی بۆ ماوەی چوار رۆژ.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ژمارانە تەنیا ئاوی خواردنەوە دەگرنەوە و ئەو ئاوەی بۆ چێشتلێنان و پاککردنەوە بەکارهاتووە، هەژمار نەکراوە. هەروەها روونیکردووەتەوە، هەر پەرداخێک 170 ملیلیترە و 6 پەرداخ دەکاتە یەک لیتر.
سەبارەت بە توێژینەوەی دووەم، تایبەت بووە بە قەبارەی ئەو ژەمەخۆراکانەی دابەشکراون و بە 422,070,480 ژەم مەزەندە کراوە. ئەمەش لەسەر بنەمای پێویستیی زیارەتکار بە پێنج ژەمی سەرەکی لە رۆژێکدا بۆ ماوەی چوار رۆژی مانەوەی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ