رووداو دیجیتاڵ
میوانداریکردنى وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە بڕیار بوو سێشەممە بکرێت، بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.
17ى ئەیلوولى 2023، د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، بڕیاربوو رۆژى سێشەممە، 18ى ئەیلوول ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە لیژنەى دارایی میوانداری بکرێت، بەڵام دواخرا.
د. جەمال کۆچەر گوتیشى: "لیژنەى دارایی ئاگاداری کردینەوە کە وەزیرى دارایی ئامادەى کۆبوونەوەى لیژنەکە نابێت، بەڵام ناشزانرێت دواخستنەکە بۆ ئەم هەفەیە یان هەفتەى داهاتووە و هۆکارەکەشی چییە."
بڕیارى میوانداریکردنى وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لیژنەى دارایی، دواى ئەوە هات کە 9ى ئەیلوول، سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق فەرمانیدا بە میوانداریکردنى هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان و تەیف سامى، وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانى.
دواخستنى میواداریکردنەکە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە سێ گوژمە و لە رێگەى سێ بانکەوە بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک پشکى هەرێمى کوردستان بنێردرێت و دواتر پاکتاو بکرێت کە بۆ مانگەکانى ئەیلوول و تیشرینى یەکەم و دووەم دەبێت.
پشکى هەرێمى کوردستان لەیاساى بودجەى گشتى، زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام بەهۆى رێککنەکەوتنى بەغداو هەولێر لەسەر رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و ئەو بڕە پارەیەى کە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت، ئەو پشکە مانگانە نەنێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ