لە عێراق زیاتر لە نیوەی مووچەخۆرانی حکومەت کارتی بانکییان نییە

17-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە عێراق 5.6 ملیۆن مووچەخۆر کارتی بانکی بەجێکردن"تەوتین"ی مووچەیان بۆ کراوە. بەمەش هێشتا زیاتر لە نیوەی مووچەخۆران مووچەکەیان بە بانکی نەکراوە.
 
عەدنان ئەسعەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پارەدان لە بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت، زیاتر لە 5.6 ملیۆن مووچەخۆری عێراق کارتی بانکیان بۆ کراوە.  
 
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەن، بەمەش هێشتا نیوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی حکومەت مووچەکەیان بەجێ (تەوتین) نەکراوە.
 
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد، لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 6.8 تریلیۆن دینار بە رێگەی ئەلیکترۆنی کۆکراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییی ئەم ساڵ 10 تریلیۆن دینار تێپەڕێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە پار ساڵ 9 تریلیۆن دینار بووە. 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نوێترین بڕیاری حکومەتی عێراقدا دەبێت بۆ فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش کارتی بانکی مووچەیان هەبێت و لە رێگەی بانکەکانەوە مووچە وەربگرن.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری گوتی، حکومەتی عێراق پێداگیرە لەسەر ئەوەی هەموو مووچەخۆران بە کەرتی گشتی و تایبەتەوە دەبێت لە رێگەی بانکەوە مووچەکانیان وەربگرن و هیچ کەسێک نابێت لە دەرەوەی بانک مووچە وەربگرێت، بۆیە ئێستا کاری لەسەر دەکات و پرۆسەکەش هەنگاوی باشی بڕیوە.
 
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەن، زیاتر لە چوار ملیۆن و 200 فەرمانبەرن، لەگەڵ زیاتر لە سێ ملیۆن خانەنشین و سێ ملیۆن مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەمە وێڕای شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و چەند توێژێکی دیکەش مووچەیان هەیە. 
 
بەگوتەی سۆران عومەر، تەنیا لە ماوەی ئەم کابینەیەی محەممەد شیاع سوودانی، 1,500,000 کەس دامەزراون، کە زۆربەیان بە هەمیشەیی دامەزراون. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە