رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات، کە لە دژى رێنماییەکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکراون. سکاڵاکارەکان داوا دەکەن ئەو بڕگەیە بە نادەستووریى بزانرێت کە تایبەتە بە ژماردن و جیاکردنەوەى ئەلیکترۆنیى دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
راوێژکارێکى یاسایی کۆمیسیۆن دەڵێت: "ئەو رێنماییە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکناگرێتەوە و ئەگەر دادگەى فیدراڵى هەڵیبوەشێنێتەوە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێن."
بەگوێرى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، دادگەکە رۆژی 22ى تشرینى دووەمى 2023، تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە لەلایەن رەعد رفعە، سابر عومەر لە دژى سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق و ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیاران تۆمارکراون و داوا دەکەن بڕگەى دوومى مادەى سێى رێنمایی دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانى کۆمیسیۆنەکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" بزانێت.
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی رێنماییەکە، کە لە 5ى ئەیلوولى 2023 لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە پەسندکراوە، کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ قۆناخى یەکەم پشت بە ئامێرى جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکیترۆنیى دەنگەکان دەبەستێت، لە قۆناخى دووەمیشدا دەنگەکان بەدەست جیادەکرێنەوە و دەژمێردرێن و ئەنجامى هەردوو پرۆسەکە بەراورد دەکرێن، ئەگەر ئەنجامەکان لە ناوەندێکى دەنگداندا جیاواز بوون، دووبارە دەنگەکان دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامى ژماردنى دەنگى دەبەسترێت.
حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو سکاڵایە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1993 باس لە جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانى نەکردووە بەشێوازى ئەلیکترۆنى و تەنیا پشت بە جیاکردنەوە و ژماردنى دەستى دەبەستێت."
حەسەن ئەبومەسار گوتی: "رێنماییەکەى کۆمیسیۆن پێچەوانەى یاسای هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستانە، ئەگەر دادگە ئەو بڕگەیە هەڵبوەشێنێتەوە، کۆمیسیۆن پەنا بۆ ژماردنى دەستى دەنگەکان دەبات لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا".
بڕیارە لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ