ئەمریکا شەش ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەخاتە لیستی سزاکانییەوە

17-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
واشنتن سزای نوێی بەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا و کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقیدا سەپاند و تۆمەتباریکردن بەوەی کە لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوەن لە عێراق و سووریا.
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا، لە کاتێکدا کە گرژیی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
 
 لەو هێرشانەدا لانیکەم 59 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، کە پێنتاگۆن دەڵێت، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
 
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، رۆژی هەینی 17-11-2023، شەش کەسی خستە لیستی سزاکانییەوە کە پەیوەندییان بە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە هەیە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش سزای بەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا و هاشم فینیان رەحیم، سەرکردەی گرووپەکە سەپاند. 
 
بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو کەسانە "لە پشت زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییەی دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانییەوەن لە عێراق و سووریا".
 
برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی رایگەیاند، "هەنگاوی ئەمڕۆمان پەیامێک بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و هەموو ئەو گرووپانە دەدات کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەوەی کە ئەمریکا هەموو رێکارێکی بەردەست بەکاردێنێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەنێکی هەلپەرست کە بیەوێت دۆخی غەززە بۆ ئامانجی خۆی بقۆزێتەوە".
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەشڵێت، "ئێمە بە تەواوی پابەندین بە ئاساییش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ شکستهێنان بەو کارە تێکدەرانە".
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا پێشتر لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" پۆلێنکرابوو، ئەوەش بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
ئەوانەی کە خراونەتە لیسیتی سزاکانەوە بریتین لە:
 
- عیماد ناجی بەهدلی، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە دەزگەی سەرەکی بڕیاردەری گرووپەکەیە؛
 
- حەبیب حەسەن موغامیس دەراجی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا
 
- جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا
 
- خالد کازم جاسم ساکینی، فەرماندە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا
 
- باسم محەممەد ماجدی، بەرپرسی پەرەپێدانی بازرگانیی حیزبوڵڵا 
 
- موجتەبا جەهاندوست، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران کە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسداران و کەتائیبی حیزبوڵڵادا کردووە.
 
 - هاشم فینیان رەحیم، سەرۆکی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
 
وەزارەتەکە روونیکردەوە، لە ئەنجامی ئەم سزایانەدا، سەروەت و سامانی کەسە سزادراوەکان لە ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکییەکان سڕ دەکرێن، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیان قەدەخە دەکرێت، لە پاڵ قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە