سەرکردەیەک لە رەوتی حیکمە: چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران پێکدەهێنێت

17-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە دەنگۆی دەستوەردانی نێردەی ئەمریکا لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی کابینەی نوێ رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لیژنەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران پێکدەهێندرێ.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن دەبێ لەبارەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێ."
 
19ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکرد.
 
بە بڕوای فەهد جبووری، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و دیاریکردنی وەزیرەکاندا دەستوەردان دەکات "دوورن لە راستییەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بابەتێکی لەوجۆرە نەبووە و باس نەکراوە."
 
ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە دەڵێت: "پەیام لە لایەنی ئەمریکییەوە گەیشتووەتە نێوخۆی عێراق کە مامەڵە لەگەڵ هیچ حکومەتێکدا ناکات گرووپە چەکدارەکان پێکیبهێنن. ئێمە نامانەوێ بە ئاراستەیەکدا بڕۆین کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیی باڵای عێراق هەبێت، چونکە دەزانین وەڵامی ئەمریکا چۆن دەبێت."
 
فەهد جبووری ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆرێک لەو وێنایانەی دەگەنە ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی نێوخۆی عێراقەوە ناڕاستن."
 
رۆژی یەکشەممە، 09-11-2025، دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە، 11-11-2025، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 12-11-2025، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند.
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بە 46 کورسی بووە براوەی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.