رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق، بەهۆی "پێشینەی تاوان"ـەوە مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبو مازن وەک پارێزگاری سەلاحەدین رەتکردەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، "گەڕاینەوە خاڵی سفر."
موختار موسەوی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، رۆژی 18ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی پێشینەی تاوان و کەیسی گەندەڵی و بڕیاری دادگاوە" د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئامادەنەبوو مەرسوومی کۆماریی بۆ ئەحمەد جبووری دەربکات تاوەکو وەک پارێزگاری سەلاحەدین دەستبەکاربێت.
رۆژی 15ـی شوباتی 2024، سەرۆککۆماری عێراق نووسراوێکی نهێنی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاری سەلاحەدین ناردووە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دەڵێت، ئەحمەد عەبدوڵڵا عەبد خەلەف جبووری، لەسەر چەند تاوانێک سزادراوە، بەر لێبووردنی گشتی بە ژمارە 27ی ساڵی 2016 کەوتووە، هەروەها دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بە ژمارە 208 لە 7ـی شوباتی 2024 نووسراوی لەسەر کردووە، جگە لەوەش کۆت و بەندی تاوانی لەسەرە، ئەوەش بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ تۆمار تاوانی ناوەندیی بە ژمارە 6553 لە 12ی شوباتی 2024دا.
بۆیە سەرۆککۆمار داوای لێبوردنی کردووە کە ناتوانێت مەرسوومی کۆماریی بۆ دامەزراندنی ئەحمەد جبووری، وەک پارێزگاری سەلاحەددین دەربکات ، بەو پێیەی هەڵبژاردنی ناوبراو پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ی 2018ـی هەموارکراو و یاسای پارێزگاکانی ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراو بووە.
كاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین، رۆژی 18ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکەی سەرۆککۆماریان بەدەست گەیشتووە، بەو شێوەیە ئەحمەد جبووری دوورخرایەوە، دەبێت کەسێکی دیکە لەشوێنی ئەو بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژێردرێت، دواتر بۆ سەرۆککۆمار بەرزبکرێتەوە تاوەکو مەرسوومی کۆماریی بۆ دەربکات و وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین دەستبەکاربێت.
هەر لەوبارەوە، یاسین محەممەد عەلی جومعە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین، رۆژی 18ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕاینەوە خاڵی سفر، پێویستە دووبارە دانوستاندن و گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی پارێزگاری نوێ".
بە گوتەی یاسین محەممەد عەلی، تانەکە لەلایەن چوارچێوەی نیشتمانی "شیعەکان" پێشکێش کرابوو، کە سێ ئەندامیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەیە و لە پۆستەکان بێبەشکراون، بۆیە دەبێت ئەوانیش بەشداربن لە حکومەتی خۆجێی، چوارچێوەی نیشتمانی "شیعەکان" پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینی دەوێت.
یاسین محەممەد عەلی پێیوایە "دۆخەکە بە ئاسانی چارەسەر نابێت، پێویستی بەکاتە تاوەکو رێکدەکەون و پارێزگای نوێ هەڵدەبژێرن".
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە، رۆژی یەکشەممە 4ـی شوباتی 2024 کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکە 10 ئەندام ئامادەبوون، عادل عەبدولسەلام سومێدەعی بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد حەسەن عەتییە، بە جێگیری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەڵبژێدران. ئەحمەد جبووری "ئەبومازن" تاکە بەربژێر بوو بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین و بە پارێزگار هەڵبژێردرا، هەروەها ئەیمەن شوکر مەحموود، بە جێگری یەکەم و تاریق تۆفیق فەهد، بە جێگری دووەمی پارێزگار هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ