رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق رەتکراوەیە؛ باس لەوە دەکات، هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ محەممەد نووری کەربوولی، پارێزگاری ئەنبار و عومەر مەشعان دبوس، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار کۆبووەتەوە و بابەتێکی کۆبوونەوەکەیان پرسی پێکهێنانی هەرێمی دیکە لەنێو عێراق بووە.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، فایەق زێدان گوتوویەتی، "دۆخی جوگرافی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان پێش جێبەجێکردنی دەستووری کۆماری عێراق لە 2005 هەبووە، بە دیاریکراوی لە ساڵی 1991 دەستی پێکردووە، ئەوەش دوای داگیرکردنی کوێت کە بەهۆی سیاستە شکستخواردووەکانی رژێمی پێشووەوە ئەنجامی نەرێنی لێکەوتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە و ئەو دۆخە تایبەتەش لەلایەن هەموو خەڵکی عێراقەوە دانی پێدانراوە".
فایەق زێدان گوتیشی، "دەستوور گەرەنتی بڕگەکانی تایبەت بە رێکخستنی هەرێمەکان دەکات، بەڵام ئەو دۆخەی ئەو کات دەستووری تێیدا داڕێژرا ئێستا گۆڕاوە؛ هەروەها زۆربەی ئەوانەی کە باوەڕیان بە بڕگەکانی دەستوور هەبوو، ئێستا باوەڕیان بە پێویستی گۆڕانی ئەو بڕگانەیە کە پەیوەستن بە پارێزگارکانی دیکەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەهۆی دۆخە تایبەتەکەی".
ئەو قسانەی فایەق زێدان لەکاتێکدان، ئێستا بەشێک لە سوننەکان باس لە دروستکردنی هەرێمی تایبەت بە خۆیان دەکەن، بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار کە دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق.
فایەق زێدان گوتی، "بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق رەتکراوەیە، چونکە هەڕەشە لە یەکێتی و ئاسایشی عێراق دەکات".
بەپێی ماددەی 119ی دەستوور، هەر پارێزگایەك یان زیاتر دەتوانێت هەرێمێك بە گشتپرسی پێکبهێنێت. لە بڕگەی یەكەمی ئەو مادەیەدا ئاماژە بەوە كراوە كە یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایەك یان یەك لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەك دەتوانن داوا پێشكێش بكەن بۆ پێکهێنانی هەرێمێكی فیدراڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ