لە سێ پارێزگای عێراق 33 پەناگە و شەش تونێلی داعش خاپوور کران

18-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و کەرکووک، 33 پەناگە و شەش تونێلی چەکدارانی داعشیان خاپوور کرد و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیدا گرت.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رۆژی دووشەممە 18ی ئاداری 2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنی وەعدولحەق، بە هەوڵی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنی فراوانی هێزەکانی دژە تیرۆر لە پارێزگاکانی سەلاحەدین - تلول باج و پارێزگای نەینەوا قەزای حەزەر و دۆڵی سەرسار بۆ سەر پاشماوەکانی داعش، 29 پەناگە و شەش تونێل خاپوور کران و دەست بەسەر 12 بۆمب، دوو پشتێنەی بۆمبڕێژکراو، چوار گوللـە هاوەن، سێ ماتۆڕسکیلی بۆمبڕێژکراو، سێ بەرمیل تەقەمەنی، 80 حاویەی گولـلە و کەلوپەلی چەکی بی کەی سی، 13 حاوییە و پێداویستیی چەک و گولـلەی کڵاشینکۆڤ.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەرکێکی دیکەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقدا لە (پارێزگای کەرکووک - زنجیرە چیای حەمرین، سنوور یەکلاکەرەوەی نێوان پارێزگای کەرکووک و سەلاحەددین) هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین کراوە و بەهۆیەوە چوار پەناگەی چەکدارانی داعش خاپوور کراون.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقدا هاتووە، هێزەکانی دژە تیرۆر لە پارێزگای ئەنبار چەکدارێکی داعش-یان دەستگیرکردووە، کە ئەندامی مەفرەزی بۆمبڕێژکردن بووە لەنێو چەکدارانی داعش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە