کەشناسیی عێراق: ئەمشەو و سبەی لە بەشێکی عێراق و هەرێمی کوردستان باران دەبارێت

18-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات ئەمشەو و سبەی لە بەشێکی عێراق و هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت ئەمشەو نمەباران لە بەشێکی پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین ببارێت."
 
گوتەبێژەکەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە دهۆک بارانی مامناوەند ببارێت و بەیانی و نیوەڕۆی چوارشەممە ئەگەری بارانبارین لە سلێمانیش هەیە، بەڵام کەمتر دەبێت.
 
جابری ئەوەشی روونکردەوە، "پێشبینی دەکرێت ئێوارە و شەوی چوارشەممە نمەباران لە هەندێک ناوچەی شارەکانی باشووری وڵات ببارێت."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی باسی ئەوەی کرد، "سبەی چوارشەممە ئەگەری چالاکبوونی با لە ناوچەکانی باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە دیالە، کەرکووک، سلێمانی و باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، بەڵام شەوانە کەمتر دەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممە چالاک دەبێتەوە."
 
عامر جابری ئەوەشی خستەڕوو، "چالاکبوونی با دەبێتەهۆی تۆز و خۆڵ، ئەویش ئاستی بینین بۆ 2 - 4 کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بایەکە زیاتر چالاکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە