عێراق
مەحموود مەشهەدانی (دەستە چەپ) و سالم عیساوی (دەستە راست)، بەربژێران بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، دوای زیاتر لە شەش مانگ سەرۆک هەڵدەبژێرێت. پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، دەنگ بە مەحموود مەشهەدانی دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە 18-05-2024 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانە. هەریەک لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی کێبڕێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.
لە تازەترین پێشهاتدا، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 47 واژۆی پەرلەمانتارانی کۆکردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە مەحموود مەشهەدانی، ئەمەش چانسی دەرچوونی مەشهەدانیی زیاتر کردووە.
فیراس مەسلەماوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رۆژی شەممە 18ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، "زۆربەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە مەحموود مەشهەدانی دەدەن."
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، "پارتی تەقەدووم، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە دەنگ بە مەشهەدانی دەدات لەگەڵ فراکسیۆنی سەدارە. زانیاریمان لایە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستانیش دەنگ بە مەشهەدانی دەدات."
بە گوتەی مەسلەماوی سێ گەورەترین فراکسیۆنی (شیعە، کورد و سوننە) دەنگ بە مەشهەدانی دەدەن، ئەمەش بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ یەکلابووەتەوە. سەرجەم پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا دەنگ بە مەشهەدانی دەدەن.
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی مەشهەدانی، ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، "مەشهەدانی خاوەن ئەزموونە. پێشتر سەرۆکی پەرلەمان بووە، توانای بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەیە. لێهاتوو، پاک، نیشتمانییە لە هەڵوێستەکانی رابردوویدا سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکانی نێو عێراق ئەمەی سەلماندووە."
بەگوێرەی مادەی 55ی دەستوور، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە دەنگدانی راستەوخۆی نهێنی هەڵدەبژێردرێت.
ئەحمەد عەبدوڵڵا محەممەد جبووری، پەرلەمانتاری حەسمی نیشتمانی یەکێک لە فراکسیۆنەکانی سوننە کە پشتیوانی لە سالم مەتەر عیساوی دەکات، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "هەندێک فراکسیۆن داوایان لە پەرلەمانتارانیان کردووە بە مۆبایل وێنەی کارتی دەنگدانەکەیان بگرن بۆ سەرۆکی پەرلەمان. ئەمە کارێکی پووچەڵە، پێچەوانەی دەستوورە. دەبێ پەرلەمانتاری پێگەی خۆی لەبەردەم دەنگدەرانیان بپارێزن".
رۆژی 16-05-2024 هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوای لە پەرلەمانتارانی کرد بەشداریی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن و رایگەیاند، "گرنگە سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە کە بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆچوونى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەوەیە پاڵپشتى بەربژێرى گەورەترین فراکسیۆنى سوننە بکات بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان".
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەمەش دوای بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.
پارتی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی، پشتیوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی راگەیاندووە، لە کاتێکدا پێشتر شەعلان کەرەیم بەربژێریان بوو، بەڵام کرەیم لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ