کۆمیسیۆن: بانگهێشتی باڵیۆزخانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن

18-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری نێودەوڵەتیی بەتوانای دیاریکردووە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق."
 
قسەکانی محەممەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق شەوی رابردوو لەکاتی کۆبوونەوەکەیەکی بوو لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
 
بەگوێرەی نووسینگەی مەشهەدانی، لە دیدارەکەدا باس لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی لە کاتی خۆیدا کراوە.
 
هاوکات، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا هیچ چاودێریی نێودەوڵەتیی تۆمار نەکردووە. هێشتا سیستمەکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەسند نەکراوە و کات بۆ تۆمارکردنی چاودێران دیاری نەکراوە."
 
جومانە غەلای دەشڵێت، "کۆمیسیۆن نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە کردووە کە باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی داهاتوو."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە