رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە (19ی حوزەیران) دادوەرانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى کۆبوونەوەیەک لەبارەى ئەو داواکارییە بکەن کە بۆ دەرکردنى فەرمان سالارییەک لە بارەى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێشکێش کراوە.
سێ سەرچاوەى بەرپرس کە دوانیان لە بەغدان و یەکێکیان لە هەرێمى کوردستانە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیان لە رۆژی پێنجشەممە بۆ رووداو پشتڕاست کردووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە بەغدا بە رووداوى گوت: "سەرجەم دادوەرەکان بۆ ئەنجامدانى ئەو کۆبوونەوەیە ئاگادار کراونەتەوە و ئامادەییان نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە، بەو سێ دادوەرەشەوە کە هێشتا لە مۆڵەتدان و ئامادەن مۆڵەتەکانیان هەڵبوەشێننەوە".
دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بۆ تەواوکردنى رێژەى یاسایی هەر کۆبوونەوەیەکى، پێویستى بە 9 ئەندامە، سەرچاوەیەکى دادوەرى بە رووداوى گوت: "ئەگەر ئەو سێ دادوەرەش کە مۆڵەتن ئامادە نەبن، دادوەرە یەدەگەکان دەتوانن بۆ کۆبوونەوەکە جێگەیان بگرنەوە".
ئەو کۆبوونەوەیەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بۆ تاوتوێکردنى داواکارى دەرکردنى فەرمان سالارییە لە بارەى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە بەشێکە لە سکاڵایەک کە ژمارەیەک فەرمانبەر پێشکێشیان کردووە.
سەرچاوەیەکى دیکە بۆ رووداو گوتی: "پێنجشەممە 90% کۆبوونەوەکە دەکرێت بۆ ئەو فەرمان سالارییە، چونکە ئەو رۆژە تاوتوێى هیچ سکاڵایەک ناکەن وەک دادبینى، ئەوە جگە لەوەى ئەو داواکارى فەرمان سالارییە بەپەلەیە و دەبووایە پێشتر لەسەرى کۆببوونایەتەوە".
لە یاسای دادبینی شارستانی لە ماددەکانی 151 و 152 باسی فەرمان سالاری کراوە کە فەرمانێکی کاتییە و لە دۆخێکی بەپەلەدا دەردەکرێت، پێویست دەکات ئەم فەرمان سالارییە بە هێزی یاسا و بەپەلە جێبەجێ بکرێت.
ئەو سکاڵایە دواى ئەوە پێشکێش کرا کە رۆژی 28ى حوزەیرانى 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجە دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ