رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای میسان دوو کەس بە تۆمەتى رفاندنى کچێک و دەستدرێژیکردنە سەرى سزادران، لە بەغداش شۆفێرى تەنکەرێک بە حەوت ساڵ بەندکردن سزا درا، کە ساڵى رابردوو لە هەولێرەوە گازى گواستبووەوە و ئۆتۆمبێلەکەی کە لە گەراجێک جێیهێشتبوو، تەقیبووەوە؛ بەو هۆیەشەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدابوو.
بە دوو کەس کچێک دەڕفێنن
رۆژی 18ى تەممووزی 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگەى تاوانەکانى پارێزگاى میسان دوو کەسی بە تاوانی رفاندنى کچێک سزاداوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو دوو کەسە لەدواى رفاندنى کچەکە، هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى وێنەکانیان کردووە، ئەگەر بنەماڵەکەی پارەیان پێنەدەن.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، یەکێک لەو دوو رفێنەرە، دەستدرێژیى کردووەتە سەر کچەکە و تووندوتیژیى بەرامبەر کردووە.
سزاى ئەو دوو کەسە بەگوێرەى ماددەکانى 422، 421 و 393ى یاسای سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتن بە رفاندنى ژنان و دەستدرێژکردنە سەریان، کە سزاکەی بەندکردنە لەنێوان 15 ساڵ بۆ بەندکردنى تاهەتایی.
شۆفێرى تەنکەرێک بە حەوت ساڵ بەندکردن سزادرا
دادگەى ناوەندى تاوانەکانى رەسافە لە بەغدا سزاى شۆفێرى تەنکەرێکى داوە بە حەوت ساڵ بەندکردن، بەهۆى تەقینەوەى تەنکەرەکەى کە بووەتە هۆى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى.
تەقینەوەى ئەو تەنکەرە کە گازى شلى تێدابووە، لە 29ى تشرینى یەکەمى 2022 لە ناوچەى قاهیرەى بەغدا روویداوە، بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و 13 کەسى دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، کە ئەمڕۆ سێشەممە 18ى تەممووز بڵاویکردەوە، ئەو شۆفێرە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانەوە ئەو گازەى گواستووەتەوە بۆ بەغدا، تاوەکو بیگەیێنێتە کارگەیەکى دروستکردنى خواردنەوە گازییەکان، لە ناوچەى زەعفەرانیەى بەغدا و تانکەرەکەى لە گەراجێکى ناوچەى قاهیرە داناوە، تاوەکو ئەو کاتەى گازەکە رادەست دەکات، بەڵام تەقیوەتەوە، دواتر خۆى رادەستى هێزە ئەمنییەکان کردووە.
ئەو شۆفێرە بەگوێرەى مادەى 411ى یاساى سزادانى عێراقى سزا دراوە، کە تایبەتە بە کوشتنى بێ مەبەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ