رووداو دیجیتاڵ
دووەم سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەدژى ئەو رێککەوتنە تۆمارکرا، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى پەرەپێدانى سێ کێڵگەى گاز لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆى کردوون.
ئەو سکاڵا نوێیە لەلایەن راید مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان تۆمار کراوە.
بەگوێرەى سکاڵاکە داوا لە دادگە کراوە ئەو گرێبەست و رێکەوتنانە بە "نادروست" دابنێت کە بۆ پەرپێدانى کێڵگەکانی میران، تۆپخانە و کوردەمیر لە هەرێمى کوردستان واژۆ کراون.
19ـی ئایاری 2024، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو کێڵگانەی گاز لە هەرێمی کوردستان.
ئەوە دووەم سکاڵایە کە لەسەر ئەو رێککەوتنە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تۆمار بکرێت، لە دواى ئەوەى باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق سکاڵایەکى هاوشێوەى لە دادگەکە تۆمار کرد.
پێشتر لە 14ى تەمووزى 2025 باسم غرێباوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە پێشتر دادگەی باڵای فیدراڵی، یاسای نەوت و گازی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بە گوتەی ئەو، گرێبەستەکانی ئەو سێ کێڵگەیە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە کراون."
دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق رۆژى یەکشەممە 20ى تەممووزى دیاری کردووە بۆ یەکەم دانیشتن لە بارەى ئەو دوو سکاڵایەوە.
د. گۆڤەند شێروانى، پسپۆرى نەوت بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو رێککەوتنانەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە لەو سێ کێڵگە واژۆى کردوون، درێژکراوەى گرێبەستى کۆنن بۆ وەبەرهێنان لەو کەرتە و گرێبەستى نوێ نین و دادگەى پێداچوونەوەى عێراق گرێبەستەکانى پێشووى کەرتى نەوتى لە هەرێمى کوردستان بەیاسایى داناوە"
22ى کانوونى دووەمى 2025، دادگەى باڵاى پێداچوونەوەى عێراق، سکاڵاى وەزارەتى نەوتى لەسەر گرێبەستى 9 کۆمپانیاى بیانیى نەوت لە هەرێمى کوردستان رەتکردەوە، دادگە کە دەڵێت: "گرێبەستەکان بەر لە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گاز وژاۆکراون و ئێستا دروست و کاران."
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە 15ى شوباتى 2022، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بەنادەستووری هەژمارکرد، د. گۆڤەند شێروانى گوتى: "بڕیارەکانى دادگەى پێداچوونەوە باڵاترە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ