حکومەتی عێراق رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر تووند دەکات

18-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەى هەموارى یاساى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان، نووسینگەیەکى تایبەت بە بنبڕکردنى ئەو مادەیە لە هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە و یەکەى هاوشێوەش لە دەروازە سنوورییەکان دادەنرێت.
 
15ـی ئاب، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاسای هەموارى یەکەمى یاسای مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارەوە نێردرابوو. 
 
بەگوێرەى هەموارى مادەى شەشى یاساکە، بەڕێوەبەرایەتییەک لە هەرێمی کوردستان و پارێزگەکانی عێراق دەکرێتەوە کە ئەفسەرێکى پسپۆڕ بەڕێوەبەرى هەر بەڕێوەبەرایەتییەک دەبێت و ئەرکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکان دەبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونییەکانى عێراق دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر لە یاساکەدا کردنەوەى ئەو نووسینگانە تەنیا لە پارێزگاکانى عێراق بوو.
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانى پەرلەمانى عێراق رۆژی هەینی 18-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەموارەکە بە ئاڕاستەى تووندکردنى رێوشوێنەکانى یاساکەیە بۆ بنبڕکردن مادەى هۆشبەر.
 
بەگوێرەى یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى هەموارەکە، لە سەرجەم خاڵە سنوورییە ئاسمانى، وشکایى، دەریاییەکان یەکەى تایبەت بە بنبڕکردنی مادەی هۆشبەر دادەنرێت.
 
یەکێک لە هەموارەکانى دیکەى ئەوەیە کە دەستەى باڵاى نیشتمانى بۆ کاروبارى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەرونییەکان دەخرێتە ژێر دەسەڵاتى وەزارەتى ناوخۆی عێراق لەبرى وەزارەتى تەندروستى کە پێشتر لە یاساکەدا بەو جۆرە بوو.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رۆژی هەینی 18-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە دەستەکە بەهێزتر بێت و رێوشوێنەکان تووندتر بکرێن.
 
هەموارێکى دیکەى یاساکەی 2017 ئەوەیە کە بڕى ئەو پارەیەى پاداشت بۆ دەستگرتن بەسەر هەر کیلۆیەک مادەى هۆشبەر دەدرێتە ئەو لایەنەى دەستى بەسەردا گرتووە لە یەک ملیۆن دینارەوە کراوەتە پێنج ملیۆن دینار.
 
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە تشرینى دووەمى ساڵى 2022ەوە زیاتر لە 12 هەزار کەس لەسەر دۆسیەى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون.
 
12ـی ئاب شاندێکى لیژنەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونییەکانى پەرلەمانى عێراق سەردانى ئوردنیان کرد بۆ سوودوەرگرتن لە یاسایەکى تایبەت بە بنبڕکردنى هۆشبەر کە لەو وڵاتە کارى پێدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە