رووداو دیجیتاڵ
وێنەکێشانى بەسرە چاوەڕێى ئاوابوونى خۆرن تاوەکو دەست بە کارەکانیان بکەن، بەرزیی پلەى گەرماى پارێزگاکە رێگەیان نادات بە رۆژى رووناک وێنە لەسەر دیوارەکان بکێشن.
ئیبتسام عەتیە، وێنەکێشە و دەڵێت، "کاتێک دەمانەوێت وێنە بکێشین، پێویستمان بە کەشێکى گونجاوە لە رووى رەنگەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانین کارێکى جوان بکەین، بەڵام بەرزیى پلەى گەرما کاریگەرى لەسەرمان هەبووە، بۆیە ناچارین شەوان کاربکەین بۆ ئەوەى پارێزگارى لە رەنگەکان بکەین لە وشکبوونەوە، ئەو بۆیانە زوو وشک دەبنەوە بەرگەى پلەى گەرمای بەرز ناگرن."
بە رۆژ هەندێکجار پلەى گەرمای بەسرە دەگاتە سەرووی 50 پلەى سیلیزى، لەکاتێکدا شەوان لەنێوان 36 بۆ 45 پلەدایە.
شەوان بۆ گرووپى خۆبەخشانى غەدیر کەشێکى گونجاوە بۆ وێنەکێشان، کە زیاتر لەسەر دیوارى قوتابخانەکان وێنە دەکێشن.
حوسێن نەجار، وێنەکێشێکی دیکەیە، دەڵێت: "گۆڕانى کەشوهەوا لە جیهان کاریگەرى گەورەى لەسەر هەموو ژیان هەبووە، بەتایبەت لە پارێزگاى بەسرە کە کاریگەرى لەسەر ژیانى گشتى و رووەک و ئاژەڵەکان هەبووە، هەروەها کاریگەرى لەسەر مرۆڤیش هەبووە، ئێمە وەک وێنەکێشانى سەر دیوار ناچار بووین کە شەوان کاربکەین، ئەوەش ناچارمان دەکات کە پێداویستى دیکە دابین بکەین لەوانە رووناککەرەوە."
رکابەریی کارکردنى ئەندامانى ئەو گرووپەى وێنەکێشان لەگەڵ گەرما ئاسان نییە کە زۆرینەیان لە رەگەزى مێن. ئامانجى پڕۆژەکە پێشوازیکردنە لە قوتابیان لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن لە مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ