رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی چڕبوونەتەوە بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاساکە. جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 واژۆی پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان بە یاساکە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کۆکراوەتەوە."
سەگڤان یوسف دەڵێ: "ئەو 100 واژۆیە تەنیا هی لایەنە شیعەکانن و هیچ لایەنێکی سوننە و کورد واژۆیان نەکردووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتیشی، رێژەی یاسایی بۆ دەنگدان لەسەر هەر پڕۆژەیاسایەک، پێویستی بە ئامادەبوونی 50+1ی پەرلەمانتارانە و، دوا وادە بۆ دانیشتنی پەرلەمان 25ی ئەیلوولە. "ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە دانیشتن نەکرێت، ئەوا پڕۆژەیاساکە کۆتایی دێت."
هاوکات غەریب عەسکەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "پێشوەختە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە و هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان، قسەمان کردووە و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بدرێت بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی."
غەریب عەسکەر دەشڵێت، وەک "رێزلێنان لە خوێنی شەهیدانی نیشتمان (حەشدی شەعبی)، 100 پەرلەمانتاری شیعە بە جلی سەربازیی حەشدی شەعبییەوە لە رۆژی دەنگدان بە یاساکە دەچنە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە".
غەریب عەسکەر راشیگەیاند، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق دابنیشێت و یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانەی دەنگی لەسەر دەدرێت، یاسای حەشدی شەعبی دەبێت. گوتیشی، "لە هیچ هێزێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین دەستوەربداتە کاروباری نێوخۆی عێراقەوە."
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئامادەکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە "هەنگاوێكی ناژیرانە" وەسفکرد و گوتی، پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە وادەکات گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بخرێنە نێو سوپای عێراقەوە.
سیناتۆر جەیمس ریش، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە "ناژیرانەیە. تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەگەڵ سوپای عێراق، بێ ئەوەی یەکەمجار داوای چەککردن و هەڵوەشاندنەوەیان بکرێ دەرگەی پشتەوە بۆ ئێران دەکاتەوە تاوەکو بچێتە نێو حکومەتی عێراق و سەروەرییەکەی لاواز بکات."
پڕۆژەیاساکە لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ـی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد .
لەو پڕۆژەیاسایەدا، حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. دەبێت هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکەش هەبێت. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە کێشانی سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ