رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا، هۆشداری لە ئەگەری بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێک لە عێراق دەدات و دەڵێت، "لە هەر ساتێکدا ئەگەری روودانی هەیە." پێیوایە، حکومەتی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە نابێت کە لەگەڵ ئێران واژۆی کردووە. جەختیش دەکاتەوە کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەست ناکەن.
مەهدی کەعبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، زانیارییان لەبارەی ئەگەری بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێک لە عێراق هەیە و گوتی: "ئەگەرێکی نزیکە و رەنگە لە هەر کاتێکدا رووبدات." هاوکات بە دووری زانی، بەغدا ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ تاران واژۆی کردووە، جێبەجێی بکات.
مەهدی کەعبی جەختی کردەوە، گرووپە چەکدارەکان لایەنی بەهێزن، تەنانەت ئەگەر ئەمریکییەکانیش بەهۆی "بوونی سیخوڕ و بەکرێگیراوان" لەسەر زەوی، باڵادەستیی ئاسمانیشیان هەبێت.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا رەتیکردەوە کە چەک دابنێن و گوتی: "چەکەکانمان رادەست ناکەین، چونکە بە پاڵپشتییەک بۆ دەوڵەتی عێراق و سەروەرییەکەی دەزانین و گەرەنتییە بۆ ئەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە نەبێتەوە."
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر عێراق و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت.
بزووتنەوەی نوجەبا، گروپێکی چەکداری شیعە مەزهەبن، لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتەوە لیستی تیرۆر، بەشێکن لە حەشدی شەعبی، ئەکرەم کەعبی سەرۆکایەتی دەکات و نزیکن لە ئێران، جگە لە عێراق لە سووریاش شەڕیان کردووە،
بزووتنەوەکە ساڵی 2013 لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق جیابووەوە. لە نێوان هەشت هەزار بۆ 10 هەزار چەکداری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ