رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتاری ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڵێن ئەگەر هاوشێوەی هەرێمی کوردستان تریلیۆنێک دینار بە قەرز نەدرێتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور و پێنج ترلیۆنێش نەدرێتە بەسرە، ئەوا دژی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18-09-2023 یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان لە تەلاری پەرلەمانی عێراق رێکخست و رایگەیاند، ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان "سەرپێچییەکی روون و راشکاوانەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بانکەکان و یاسای کۆمپانیا گشتییەکانە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوێنێ (یەکشەممە 17-09-2023) بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگ، بە کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار.
یوسف کیلابی بە ناوی ئەوە پەرلەمانتارانەوە گوتی: "ئەندامانی پەرلەمانی خەڵکی نێوەڕاست و باشوور لە چەند روویەکەوە هەست بە ستەملێکراوی پارێزگاکانیان دەکەن، بەتایبەتی پارێزگاکانی بەسرە، عەممارە، ناسرییە، واست و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕاست کە پارێزگای بەرهەمهێنەرن بۆ بودجە و داهاتی یاسای بودجە دابین دەکەن."
کیلابی گوتیشی: "لە رووی مرۆییەوە لەگەڵ بۆچوونی حکومەت و برایانی سەرکردەی سیاسیین کە دەبێت لایەنی مرۆیی لەبەرچاو بگیرێت کە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدەستییەوە گیرۆدەن، بەڵام هاوکات پارێزگاکانمان کە بەرهەمهێنەری نەوتن، هەزاران تووشبووی شێرپەنجەیان تێدایە، هەزاران کێشەیان هەیە، بەهۆی کەمی پارەدارکردن و رۆتینی زۆرەوە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی کە نزیکە لە حەشدی شەعبی داوا لە حکومەت دەکات بە روونی بەهەمان شێوە و بنەما کە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی بۆ داوە، قەرزی گرێنتیکراو بداتە پارێزگاکانیان کە تریلیۆنێک بۆ هەر پارێزگایەکی نەوتی و 5 تریلیۆن دینار بۆ پارێزگای بەسرە".
کیلابی هۆشداری دایە ئەنجوومەنی وەزیران و گوتی: "دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەوەستینەوە بە روون و راشکاوانە بەشێوەیەکی یاسایی، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی وەڵامی داواکەمان نەداوە کە دەبێت قەرزی هاوشێوە بداتە پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانمان کە بەرهەم هێنەری نەوتن".
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رۆژی دووشەممە، 17-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دەنێردرێت، تایبەت بە مانگەکانی (9، 10 و 11)، ئەمڕۆش وەزیری دارایی [عێراق] راسپێردرا کە رێوشوێنە ئیداری و داراییەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و ئەوانیش بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینی بکەن."
لەبارەی "نایاسایبوونی" ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان، چەند پەرلەمانتارێک دەیانەوێت سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆماربکەن، خالید شوانی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ناردنی ئەو پارەیە یاساییە."
وەزیری دادی عێراق گوتیشی: "پێموانییە هیچ جۆرە سەرپێچییەکی دەستووری هەبێت لەو بڕیارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران داوییەتی چونکە ئەم بڕیارە دابینکردنی قەرزە، بە وردیش لایەنە یاساییەکانی دیراسە کراوە ئەگەر بەشێوازێکی دیکە بووایە رەنگە قابیلی ئەوە بووایە تانەی لێ بدرێت لە دادگەی فیدراڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ