رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، رەزامەندیی لەسەر دەستپێکردنی کارکردن بە واژۆی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت، کەرتی تایبەت و هاووڵاتیان دەربڕی و خۆیشی یەکەم واژۆی بەو شێوازە کرد. رایگەیاند، ئەو هەنگاوە متمانەی هاووڵاتی بە رێکارەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی پتەوتر دەکات.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندییەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (78)ی ساڵی 2012ـە، کە تایبەتە بە واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان، هەر ئەمڕۆش سوودانی و وەزیری گەیاندن دوو واژۆی ئەلیکترۆنییان کرد.
وەک نووسینگەی راگەیاندن دەڵێت، سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەم رێکارە هەنگاوێکی گرنگە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین پابەندییەکانی حکومەت کە لە بەرنامەکەیدا هاتووە، ئەویش گۆڕانی دیجیتاڵی و ئاسانکردنی رێکارەکانە، بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی و رۆتینی مامەڵە کاخەزییەکان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە متمانەی هاووڵاتی بە رێکارەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی پتەوتر دەکات."
سوودانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەت لە بواری گۆڕانی دیجیتاڵیدا بە چەندین ئاراستەدا کاردەکات، چ لە رووی دامەزراندنی شارەزایان و کەسانی لێهاتوو و پەسەندکردنی ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان لە جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان لە وەزارەتەکاندا."
واژۆ ئەلیکترۆنییەکان سێ جۆری هەیە؛ (SES)، (AES) و (QES)، کە لە ئاستی حکومەتەکانی جیهاندا، جۆری (QES) بەکاردەهێنرێت، بەوپێیەی لە رووی ئەلیکترۆنییەوە پارێزراوترینە.
یاسای ژمارە (78)ی ساڵی 2012، پێناسەی ئەو جۆرە واژۆیە دەکات و تێیدا هاتووە، واژۆی ئەلیکترۆنی بریتییە لە، نیشانەیەکی کەسی کە لە شێوەی پیت، ژمارە، هێما، ئاماژە، دەنگ یان هەر شێوازێکی دیکە دایە و تایبەتمەندییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ واژۆکارەکەی، بەمەرجێک لەلایەن لایەنی فەرمییەوە باوەڕپێکراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ