رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، رەشنووسی تایبەت بە وەڵامی ئەو ئەنجوومەنە لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان نووسراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەفەرمی بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دەوڵەت گفتوگۆیان لەبارەی ئەو راوێژە کردووە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی کردبوون."
ئەو سەرچاوەیە، کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی: "رەشنووسی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئامادەکراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەفەرمی ئەو وەڵامە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێتەوە."
9ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وەربگرێت لەبارەی ناکۆکییەکی یاسایی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی و رێژەکەی.
هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو 50%ـی داهاتی رسوومات و باجی دامەزراوە فیدراڵییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بە پشتبەستن بە یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 100%ـی رسوومات و 50%ـی زۆرینەی داهاتەکانی دیکە دەکات.
سەرچاوەکەی ڕووداو لە بەغدا گوتی: "شڕۆڤەی یاسایی نێو رەشنووسی وەڵامەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەتە بە مادەی 29ی یاسای کارگێڕیی دارایی و مادەی 21ی یاسای بودجەی گشتی 2023 و روونکردنەوەی ئەو بڕگانەی تێدایە کە تایبەتن بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی تێیاندا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا."
رێککەوتن لەسەر رێژەی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و دواتری هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەو ئەنجوومەنە ئەرکی راوێژی یاسایی دەبێت لەو پرسانەی کە لایەنە پەیوەندیدارە باڵاکان دەیخەنە بەردەمی لەوانە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان، بەڵام ئەگەر پرسەکە پەیوەندیدار بێت بە یەکلاکردنەوەی پرسێکی ناکۆکی لەسەر؛ لە نێوان وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی دیکە کە نەبەستراون بە وەزارەتێکەوە، بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت مایەی پابەندبوون دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ