وەزارەتی بازرگانیی عێراق: بەشەخۆراکی سێ ملیۆن کەس دەبڕدرێت

18-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، بەشە خۆراکی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس دەبڕدرێت کە پێشتر بە نایاسایی سوودمەند بوون.

محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی فۆرمی خۆراکیان نامێنێت، ئەوانەن لە دەرەوەی وڵاتن، یان مردوون و تاوەکو ئێستا ناویان نەسڕاوەتەوە.
 
زیاتر لە دوو ساڵە ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو و خێزانی نوێ لە فۆرمی خۆراکدا تۆمار نەکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 41 ملیۆن کەس لە سیستمی بەشەخۆراک سوودمەندن و پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک 25ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت. دوای ئەوە، قۆناخی دووەمی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دەستپێدەکات، کە بریتین لە سڕینەوە، زیادکردن و گواستنەوە.
 
رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 1ـی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام وادەکەی بۆ 25ـی ئاب و دواجاریش بۆ 1ـی ئەیلوول درێژکرایەوە.
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە