هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: شەممە دەنگ بە حکومەتى نوێ دەدرێت

18-10-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو - هەولێر

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رایگەیاند، بڕیاریانداوە داوا لە پەرلەمان بکەن رۆژى شەممەی داهاتوو دیاری بکات بۆ کۆبوونەوە و دەنگدان بە حکومەتى نوێى عێراق بە هەموو ئەندامەکانییەوە.
  
رۆژی 18ى تشرینى یەکەمى 2022 ، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و داوا لە پەرلەمان دەکەن رۆژى شەممە 22ى تشرینى یەکەمى 2022 دیاری بکات بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە و دەنگدان بە حکومەت نوێى عێراق.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە ئەو هەنگاوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەدوای کۆبوونەوەیەک بووە کە 17ى تشرینى یەکەم لە نووسینگەى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئەنجامیان داوە.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت رایگەیاندووە کە هاوپەیمانیێتییەکە جەختی لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانى "حکومەتى خزمەت" کردووەتەوە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لەنێو چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستى کەوتوون، بەگوێرەى دابەشکارى بەرایی، 12 وەزارەت لە حکومەتى داهاتوو بەر ئەو هاوپەیمانێتییە دەکەوێت و وەزارەتەکانى دیکە دەدرێنە کورد و عەرەبی سوننە.
 
12 وەزارەتەکە بەمشێوەیە دابەشدەکرێن
 
- چوار وەزارەتیان بۆ هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا دەبێت کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتی دەکات
- چوار وەزارەتى دیکە بۆ هاوپەیمانیى فەتح دەبێت کە هادى عامرى سەرۆکایەتی دەکات
- دوو وەزارەت بۆ سەربەخۆکانى نزیک لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و دوو وەزارەتى دیکەش بۆ هەردوو پێکھاتەى کریستیان و تورکمان 
 
د. عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیی عێراقى بۆ رووداو ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە دابەشکاریی وەزارەتەکان بەو شێوەیە دەبن لەنێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى و  گوتیشى: "تاوەکو20ى تشرینى یەکەم دابەشکارى وەزارەتەکان بەتەواوى یەکلایی دەکرێنەوە."
 
رۆژی 13ى تشرینى یەکەمى 2022 محەممەد شیاع سوودانى لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقەوە راسپێردرا بۆ پێکهێانى حکومەت کە 30 رۆژى لەبەردەست دەبێت بۆ پێشکێشکردنى کابینەى حکومەتەکەى.
 
بەشار ساعیدى، جێگرى ئەمیندارى گشتى رەوتى فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانی ئەمینداریێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پرسی دابەشکارى و دیاریکردنى وەزیرەکان لەلایەن لیژنەکەیەکى تەکنیکییەوەیە کە خودى محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو سەرۆکایەتى دەکات.
 
پێکهێنانى ئەو حکومەتە بەبێ رەوتى سەدر و لەسەر بنەماى رێککەوتنێکە کە زۆرینەى لایەنە شیعە و سوننە و کوردستانییەکان لە 25ى ئەیلوولى 2022 واژۆیان کرد بۆ پێکھێنانى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت.   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە