رووداو دیجیتاڵ
هەردوو دیوانەکانی چاودێریی دارایی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی هاوبەش لەبارەی وردبینیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن، ئەمڕۆش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکارییەکەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکات.
شەوی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکیان پێشکێش کردین کە پوختەی ئەو راپۆرتەیە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆیان لەسەر کردووە لەبارەی وردبینیی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، "لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان چەند فەرمانبەر و داهاتی هەیە، ژمارەی مووچەخۆرانی مەدەنی، سەربازی، خانەنشین، شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی چەندە کە لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی وردبینیی بۆ کراوە."
پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکاری سەرەکیی هاتنی ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن مووچەی مووچەخۆران ببرێتە دەرەوەی ململانێی سیاسی، بەتایبەتی دوای رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدراڵی، ئێستاش هیچ پاساوێک بۆ حکومەتی عێراق نەماوە بۆ نەدانی مووچەی فەرمانبەران و دەبێت هەرێمی کوردستانیش لە داهاتەکانی شەفاف بێت."
د. موسەنا ئەمین جەختی لەوە کردەوە، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک داتا و زانیاریی خستەڕوو، بڕیارە کاژێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و هەمان راپۆرت بە وردەکارییەوە بخەنەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ مووچە پێویستی بە نزیکەی 913 ملیار دینارە."
هەرچەندە بودجەی عێراق لە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ جێبەجێکراوە، بەڵام لەبارەی پشکی کوردستان و داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.
14- 09-2023 مانگ شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر کە تایبەتن بە مووچە سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە. لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تائێستا حکومەتی عێراق تەنیا 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە قەرز ناردووە.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ