رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، سەقامگیریى سیاسی لە عێراق تەنیا پرسێکى نێوخۆیی نییە و گرنگیى هەرێمیی هەیە، "کاتێک ناکۆکە سیاسییەکان پەنا بۆ دادگە دەبەن لەبری شەقام، قۆناخێکی باشمان بڕیوە."
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گوتی، "عێراق بووەتە کاراکتەرێکی گرنگ لە ناوچەکەدا و ئەوەش وای کردووە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق گرنگییەکی هەرێمییە، نەک بە تەنیا پرسێکی نێوخۆیی بێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێیوایە سەقامگیریی سیاسی واتە بوونی سیستمی حکومڕانیی سەقامگیر، ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەی دەسەڵات و کەشێکى یاسایی، کە رێز لە مافەکان بگرێت و تێیدا ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە یەکلابکرێنەوە.
ئەو گوتانەى فایەق زێدان لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی - دهۆک بوو، کە ئەمڕۆ سێشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2025 دەستىپێکرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگە لە عێراق رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی پایەکانی سەقامگیریی سیاسی لە رێگەی گەرەنتیکردنی رێزگرتن لە یاسا و دەستوور و یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لە چوارچێوە یاساییەکان، دادگەی سەربەخۆ و دادوەر گەرەنتییە بۆ پاراستنی دەستوور و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکان.
فایەق زێدان گوتیشی، "کاتێک ناکۆکە سیاسییەکان پەنا بۆ دادگە دەبەن لەبری شەقام، قۆناخێکی باشمان بڕیوە بەرەو دەوڵەتی یاسا و سەقامگیری و دادگەی عێراقیش لە چەند وێستگەیەکدا توانای خۆی سەلماندووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و رێگری لە پێشێلکردنی رەوایەتی یان پەکخستنی ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەی دەسەڵات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ