عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. وێنەکە لەلایەن دیجیتاڵ میدیای رووداو بە ژیریی دەستکرد دروستکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بۆ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێى عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو. سەرقاڵ نەبوون بە کاری حیزبی و هەڵبژاردن، بەکارهێنانی حکومەت بۆ بانگەشە پاساوی دیاریکردنی ئەو مەرجەیە.
13 سەرکردەی هاوپەیمانێتییەکە 17ی تشرینی دووەم لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا کۆبوونەوە، یەکەم هەنگاوی فەرمی و سەرەتاییان دەستپێکرد بۆئەوەی سەرۆکایەتیى حکومەت لەدەست شیعە دەرنەچێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی راگەیاند، کە لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی یەکێک لە پێکهێنەرانیەتی.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێناوە، دوو لیژنەیان پێکهێناوە یەکێکیان تایبەتە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرانی پۆستی سەرۆکوەزیران.
بەرپرسێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە رووداوی گوت: "ناوی ئەندامانی لیژنەی چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران لە یەک دوو رۆژدا دیاری دەکرێت، مەرجەکانیش بەتەواوی جێگیر دەکرێن کە یەکێکیان تایبەتە بە رۆڵى ئەو سەرۆکوەزیرانە لەو هەڵبژاردنانەی کە لە ماوەی خولی داهاتوو دەکرێت."
لە ماوەی ئەو خولەی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت، لەگەڵ تەواوبوونی خولەکەش، هەڵبژاردنی دووەم دەکرێت کە تایبەتە بە پەرلەمان.
عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە رووداوی گوت: "مەرجێک دانراوە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کە نابێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات."
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە بەدەستهێنانی 46 کورسی زۆرترین دەنگ و لە چوار یەکی کورسیی لیستە شیعەکانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوە نەبووەتە گەرەنتی دووەم ویلایەتی سەرۆکوەزیران بۆ سوودانی.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "ئەو مەرجە بۆ ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو سەرقاڵی هەڵبژاردن و کاری سیاسی نەبێت و گرنگی بە بەڕێوەبردن بدات و لەهەمان کاتیشدا حکومەت بۆ بانگەشە بەکارنەهێنێت."
ئەوە یەکەمجارە هێزە شیعەکان مەرجی بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ سەرۆکوەزیران دیاری دەکەن کە لە دوای 2003 ئەو پۆستە هەر بۆ ئەوان بووە، پێشتر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ئەم جارەش سوودانی هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکوەزیران لیستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان هەبوو.
ئەو مەرجە بۆ سوودانی، دووەم رێگرییە لە بەردەم زیادکردنی هەژموونی و برەودان بە لیستە نوێیەکەی، بەتایبەت کە رێگەی پێنەدرا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی 2023 بەشدار بێت.
محەممەد سامەرایی، ئەندام لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی گوت: "پۆستی سەرۆکوەزیران و تەنانەت وەزارەتەکانیش ئەوەندەی پۆستێکی سیاسییە ئەوەندە کارگێڕی نییە، ناکرێت رێگریی کاری سیاسی لە سەرۆکوەزیران بگرێت کە بەڕێز سوودانی بێت یان هەر کەسێکی دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ