سەرۆکى کۆمیسیۆن: زانیاریى 99.48%ى سندووقەکان گوێزرانەوە بۆ بەغدا

19-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایدەگەیێنێت، تێکڕاى رێژەى بەشداری لە دەنگدانى گشتى و تایبەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان 41% بووە و زانیارى 99.48%ى سندووقەکانى دەنگدان بەشێوەى ئەلیکترۆنى گواستراونەتەوە بنکەى سەرەکى لە بەغدا.
 
عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە دوای کاژێر 00:00 رایگەیاند: کۆمیسیۆن سەرکەوتوو بوو لە بەجێهێنانى ئەو ئەرکە نیشتمانییە کە بریتى بوو لە رێکخستن و بەڕێوەبردن هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەشێوەیەکى بێلایەن و بەگوێرەى پێوەرە نێودەڵەتییەکان.
 
لە دواى تەواوبوونى دەنگدان، جیاکردنەوە و ژماردنەوەى ئەلیکترۆنى دەنگەکان زانیارییەکان بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى گوێزراونەتەوە بۆ بنکەى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغدا. لە کۆى 35 هەزار و 556 وێستگەى دەنگدان، زانیاریی 35 هەزار و 500 یان گوێزراونەتەوە، کە دەکاتە 99.48%ى تێکڕاى وێستگەکان.
 
رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى گشتى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرا، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانى هەبوو.
 
سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، رێژەى گشتى بەشداریى لە دەنگدانى تایبەت و گشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان 41%ى بووە.
 
عومەر ئەحمەد ئاماژەى بەوەشدا، ئەو سندووقانەى کە تاوەکو کاژێر 00:00 نەتوانراوە زانیارییەکانى دەنگدانى لێ رابکێشرێت، گواستراونەتەوە بۆ بنکەى سەرەکى پارێزگاکە بەمەبەستى ژماردنەوەى دەستیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە