هەڵبژاردەی عێراق لە ژاپۆنی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا

19-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیا توانی شکست بە هەڵبژاردەی ژاپۆنی پاڵێوراوی جامەکە بهێنێت و بە پلەی یەکەم خۆی بگەیەنێتە قۆناخی 16.
 
رۆژی هەینی 19-1-2024، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 2-1 لە هەڵبژاردەی ژاپۆنی بردەوە و لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا لە قەتەر.
 
بە ئامادەبوونی 40 هەزار هاندەری عێراقی، ئەیمەن حوسێن لە گێمی یەکەمدا هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد و دوای یارییەکە گوتی، "هەرچەندە ژاپۆن پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەکەیە، بەڵام ئێمەش دەتوانین سەربکەوین".
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، "پیرۆزبایی لە شێرەکانی میزۆپۆتامیا دەکەم. ئەم ئێوارەیە شێرەکان لە سامۆرایەکانیان بردەوە. ئێوە شایەنی چەپڵەیەکی بەهێزن و شانازیتان پێوەدەکەم. بردنەوەکەتان شتێکی بچووک نەبوو دژی ژاپۆن. ئەمڕۆ ئێوە عێراقیی رەسەنن، بەڵام بیرتان بێت کە ژاپۆن بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە".
 
بردنەوەکەی عێراق مێژوویی بوو، چونکە ژاپۆن 10 یاری بوو نەدۆڕابوو. هیچ هەڵبژاردەیەک بەدرێژایی ساڵی 2023 لە ژاپۆنی نەبردبووەوە؛ 26 یاری بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا ژاپۆن نەدۆڕابوو. 
 
عێراق بووە یەکەم هەڵبژاردە لە 25 ساڵی رابردوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا شکست بە ژاپۆن بهێنێت و لە ساڵی 2021ـەوە عێراق یەکەم هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیایە لە شینپۆشەکانی ژاپۆن بباتەوە.
 
دوای یارییەکە، هەژماری فەرمیی جامی جیهانی لە تۆڕی فەیسبووک بە زمانی عەرەبی پۆستێکی کرد، "ئەوە چ یارییەک بوو؟".
 
لە ریزبەندی جیهانیی هەڵبژاردەکاندا، عێراق لە پلەی 63 و ژاپۆن لە پلەی 17 دێت.
 
ئەمە دووەم یاریی عێراق بوو لە جامی ئاسیای 2023. یەکەم یاری بەرامبەر ئیندۆنیزیا بوو و توانی 3-1 بباتەوە. رۆژی 24-1-2024 یش لە یاریی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە. 

 

 
هەڵبژاردەی عێراق لە ساڵی 2007 توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بە گۆڵێکی یونس مەحموود لە سعودیە بباتەوە و جامی ئاسیا بەرز بکاتەوە.
 
ژاپۆنی خاوەن چوار نازناوی جامی ئاسیا، لە یاریی یەکەمی بە ئەنجامی 4-2 لە ڤێتنامی بردەوە و یاریی سێیەم و کۆتایی لەو کۆمەڵەیە بەرامبەر ئیندۆنیزیا دەبێت و لە ئەگەری بردنەوە دەچێتە قۆناخی 16ـی جامەکە.
 
لە ساڵی 2012ـەوە عێراق شەش جار بەرامبەر ژاپۆن یاریکردووە و پێش ئەم یارییە پێنج شکست و بەرامبەربوونێکی هەبوو.
 
جامی ئاسیا هەموو چوار ساڵێک لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە رێکدەخرێت و لە ساڵی 1965ـەوە بەردەوامە.
 
جامی ئاسیای 2023 وەشانی 18ـەمی جامەکەیە و ئەمساڵ لە قەتەر بەڕێوەدەچێت. یەکەم یاریی جامی ئاسیای قەتەر لە 12-1-2024 کرا و بڕیارە یاریی کۆتایی لە 10-2-2024 بکرێت. 24 هەڵبژاردە لە نۆ یاریگای نێو پێنج شاری قەتەڕ رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
 
هەڵبژاردەکان بەسەر شەش گرووپدا دابەشبوون؛ لە هەر گرووپێک چوار هەڵبژاردە هەیە و دوو هەڵبژاردە دەچنە قۆناخی 16.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە